کازمی و ئەردۆغان باسیان لە بەهێزکردنی هاریکاری ئابوری هەردوو وڵات کرد

  2020-12-17  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە بەهێزکردنی هاریکاری ئابوری لە نێوان بەغدا و ئەنکەرەدا.

نوسنگەی کازمی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، ئەمڕۆ پێنج شەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبۆوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکە لە دیدارەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی بەهیزکردنی لە چەندین بواردا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بەو دۆسییانەی کە جێی بایەخی هەردوولان، بە تایبەتیش جەختکراوەتەوە لە بەهێزکردنی هاریکاریی ئابوری لە نێوان بەغدا و ئەنکەرە، هەروەها بانگهێشتکردنی کۆمپانیا تورکییەکان بە مەبەستی وەبەرهێنان لە عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا.

ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی ئەنکەرەی کرد، بە گوتەی چاودێرانی سیاسی چاوەڕواندەکرێت لێپرسراوانی عێراقی و تورکیا گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەو دۆسیانەی کە جێی بایەخی هەردوولان، بە تایبەت پەیوەندییە ئابورییەکان و ئاڵۆزییەکانی سنور و دۆسیەی پەکەکە، کە چاوەرواندەکرێت گرنگترین دۆسیەی ناو گفتوگۆکان بێت.



ڕیکلام