لە کتێبی نائارامییەوە

  2020-12-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فێرناندۆ پێسوا / و: عیسا عوسمان

خۆمم تەفروتوونا کرد، تا تێبگەم. تێگەیشتن، واتە لە بیرکردنی خۆشەویستی. جگە لەو وتەیەی داڤێنشی کە دەڵێت ''تا لە شتێک تێنەگەین، ناتوانین ڕقمان لێی بێ یا خۆشمان بوێت'' ھیچ وتەیەک شک نابەم کە لە یەک کاتدا ھێندە مانادار و بێماناش بێ. 

تەنیایی دڵتەنگم دەکا، ھاودەمیش دەمخنکێنێ. ھەبوونی کەسێک لە پەنامدا، بیرکردنەوەکانم دەشێوێنێ. خەیاڵپڵاوانە چێژ  لەو تەنیاییە دەبینم، چێژبینینێک کە ھیچ پێشبینییەکی ورد و شیکاریانە لە دەستنیشانکردنی ئامادەگییەکی لەو جۆرەدا، کەڵکێکی وای نییە!

تەنیایی منیشی وەک خۆی لێکردووە و خستوومیەتە سەر کەڵکەڵەکانی. ھەبوونی کەسێکی دی، گەرچی تەنیا یەک کەسیش بێ، بیرکردنەوەکانم دوا دەخات. گەر بۆ مرۆڤێکی ئاسایی، چوونە ناو پەیوەندی ھاندەرێک بێت لە دەربڕینی بیروڕا و قسەکردندا، ئەوا بۆ من پێچەوانەکەیەتی، دژێکە، یان ڕاستتر بڵێم، پەککخەرە. من ئەو کاتانەی تەنیام، چەندان دەربڕینی تۆکمە و چاک بە بیرمدا دێن، بە خێرایی وەڵامی پرسیارگەلێک دەدەمەوە کە تا ئێستە کەس نەیکردوون، بەڵام ھەر ئەوەندەی مرۆڤێکی دیکە ھاتە بەرانبەرم، ھەموو ئەمانە وەک تەم دەڕەوێنەوە، گەمژە دەبم، توانای قسەکردنم نامێنێ و پاش چارەکێک، جگە لە خەواڵوویی، ھەست بە ھیچی دیکە ناکەم. بەڵێ ئازیزان، خەڵکدواندن تووشی خەواڵوویم دەکا، تەنیا ھاوڕێ خێوئاسا و خەیاڵییەکانم، تەنیا گفتوگۆ وڕێنەئاساکانم ھەڵگری واقعێکی ڕاستەقینەن و، تێیاندا ڕۆح وەک وێنەی بەردەم ئاوێنەیەک، ئامادەگیی ھەیە. 

جگە لەوەش، زۆر لام سەختە کە بە ناچاری لەگەڵ یەکێکی دیکە لە پەیوەندیدا بم. بانگھێشتێکی سادە بۆ خواردنی شێو لەگەڵ ھاوڕێیەکدا، ھێندە ڕاڕام دەکا کە لە باس نایەت. بیرۆکەی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی کۆمەڵایەتی، ڕۆیشتنە پرسەیەک، یارمەتیدانی کەسێک لە گەڕان و بەدواداچوونی کارێکی نووسینگە، یاخود چاوەڕوانیکردنی کەسێک لە وێستگەدا، جا ناسیاو بێت یان بێگانە، بە درێژایی ئەو ڕۆژە بیرکردنەوەکانم پەک دەخات. ھەندێ جار لەو ڕۆژەدا ھەر وا سەرقاڵ دەمێنمەوە، یاخود نووستنێکی خراپ بۆی دەنووم، ئەمە لە کاتێکدا کردە ڕاستەقینەکە کە ڕوو دەدات، بە ڕەھایی بێمانایە و ھیچ بۆ من ناگەیەنێت؛  ھەرگیزیش تێناگەم کە لەو کاتەدا پێویستە چی بزانرێت. 

نازانم سینکۆرە یان ڕۆسۆ کە دەڵێت ''ڕەفتار و خووەکانم لە تەنیاییەوە سەرچاوەیان گرتووە، نەک مرۆڤەکان''. ھەر کەس بێ، گومانی تێدا نییە کە ھەڵگری ھەمان ڕۆحی گڵینە! نازانم، ڕەنگە لە باوباپیرانمەوە بۆم مابێتەوە کە ناتوانم قسە بکەم!


ڕیکلام