ڕاپۆرتێک هۆشداری دەدات لە کشانەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

  2020-12-19  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گۆڤاری فۆڕن پۆڵیسی ئەمریکی هۆشداریدا لە کشاندنەوەی فەرمانبەران و دیپلۆماتەکانی ئەمریکا و لێپرسراوانی تایبەت بە کۆمەککردن لە عێراق.

گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەووە، بەهۆی هەڕەشە و مەترسی ئەمنییەوە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لەم مانگەدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پلانی داڕشتووە دەیان دیپلۆماتی خۆی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا بکشێنێتەوە.

بە گوێرەی گۆڤارەکە لێپرسراوانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، بڕیارەکە کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆمات کارە ئەمرییەکان و ژمارەیەک لە لێپرسراوەکانی هاریکاری دەرەوە، کە بۆ ئەو کارە تەرخانکراون کەمدەکرێنەوە بۆ نیوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی مانەوەی تەنها چوار فەرمانبەری ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئەمریکا (USAID ) بە دەوامی تەواوەتی، هەروەها ئەو فەرمانبەرە ناوخۆییانەش کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا کاردەکەن.

ئەو بڕیارەیەش لە دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی ترەمپ دێت کە مانگی ڕابردوو بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوەش مەترسی دروستکرد، کە ئەو هەنگاوانە کاریگەریی ببێت لەسەر دۆخی ئارامی عێراق و بۆشاییەکان لە لایەن ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران پڕبکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان زیاتر بەهێز بکەن.

گۆڤارەکە لە زاری وتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە نووسیویەتی، پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی ئەمریکا و کارمەندە حکومییەکانی لە سەری سەرەوەی کارە لە پێشینەکانیان دەبێت، بەڵام ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا هێشتا لە بەغدایە و بەردەوامە لەکارەکەی.



ڕیکلام