مەسرور بارزانی: حکومەتی عێراق موچەی کردووەتە کارتێکی فشاری سیاسی

  2020-12-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردن لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، بابەتی موچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی و داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لەو ڕووەوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکی حکومەتی هەریم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازیکردووە لە جینین هێنیس بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد و گفتوگۆیان کردووە، دەربارەی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ بیانوویەکی بۆ حکوومەتی بەغدا نەهێشتووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور، بەڵام بەداخەوە بابەتی مووچە  کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان.

لە بەشیکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لەمساڵدا بەغدا تەنیا بەشە مووچەی شەش مانگی ناردووە. بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن ڕۆڵی کارای خۆی بگێڕێن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، جەختیان  کردەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال، لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە و داوایان کرد ڕێککەوتننامەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، نەک تەنیا ئەنجامدانی هەندێک ڕێکاری ڕووکەش.



ڕیکلام