کازمی: پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت

  2020-12-21  | 
بەغدا
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت، دەشڵێت، توركیا ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ پێنج ملیار دۆلار پشتیوانی عێراق بكات.

دوابەدوای پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021دا دەست بۆ موچە و دەرماڵەى فەرمانبەران نەبراوە کە زۆرینەی گەلی عێراق پێکدەهێنن، بەڵکو دەست بۆ موچەی پلە باڵاکان دەبرێت. 

راشیگەیاند، بودجە خراوەتەبەردەم هەموو کوتلە سیاسییەکان و سەرجەمیان پێشتر پشتیوانیان کردووە، هاوکات حکومەتی تورکیاش ئامادەیی دەربڕیوە پێنج ملیار دۆلار بداتە عێراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی١٢ی٢٠٢٠، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کرد.

پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق لەسەر بنەمای ٤٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکراوە، کە مانگانە عێراق ٣ ملیۆن بەرمیل و ٢٥٠ هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانەی دەرەوە بکرێت.

بۆ بینینی دەقی پڕۆژەیاساکە کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://drive.google.com/file/d/17COYn1IBVDBXyyiDyf5EE1EQVcswdPnU/view


ڕیکلام