عێراق چەند ڕێوشوێنێکی توندی لەسەر ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا ڕاگەیاند

  2020-12-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند ڕێوشوێنێکی نوێی خۆپارێزی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆتا ڕاگەیاند، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی بڵاوبووەتەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست، بە مەبەستی پاراستنی هاوڵاتیان و پارێزگاریکردن لە تەندروستیان، بە تایبەت دوای ئەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوە و دووبارە بووەتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی هاوڵاتییەکانیان.

لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی تەندروستی، کە باس لە مەترسی ڤایرۆسەکە دەکات، چونکە بەشێوەیەکی زۆر خێرا و فراوان بڵاودەبێتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەک ڕێوشوێنی گرتە بەر.

١-هاندانی هاوڵاتیان بۆ پۆشینی دەمامک و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و ڕێوشوێنە خۆپارێزێیەکەکانی دیکە.

٢-ڕێگریکردن لە گەشتکردن بۆ وڵاتەکانی (بەریتانیا، ئەفریقای باشور، ئوسترالیا، دانیمارک، هۆڵەندا، دانیمارک، بەلجیکا، ئێران، ژاپۆن و هتر دەوڵەتێکی دیکە کە وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی دەکات) هەروەها ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە "جگە لە هاوڵاتیانی عێراق و ناچارکردنیان بە خۆ کەرەنتینە کردنی بەزۆر بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ، لەو شوێنانەی کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کراوە، ڕێگەش نادرێت بە تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ کەسانی دیکە، تا ئەو کاتەی دەردەکەوێت کە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون.

٣- وەزارەتی دارایی ڕاسپێردراوە بە دابینکردنی بڕی زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆلار ، بۆ ئەوەی وەک پێشەکی بدرێت بە کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و دابینکردنی بودجەی تەواوکاری بۆ ئەو مەبەستە کە زیاتر لە ١٥ ملیۆن دۆلار، بۆ دابینکردنی بڕی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ڤاکیسنی کۆرۆنا.

٤-جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی پێویستە وەزارەتی پەروەردە و سەرجەم پارێزگارەکان ، کە هیچ تایبەتمەندییەک نەدرێت سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەکان، بە تایبەت قوتابخانە ئەهلییەکان، کە پێچەوانەی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی نیشتیمانی بێت لەوبارەیەوە.

٥- جەختیکردنەوە لەوەی کە وەزارەتی پەروەردە فەرمان بکات بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سەرجەم پارێزگاکان بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ بەشی تەندروستی قوتابخانەکانلە فەرمانگە تەندروستییەکان، بۆ پشکینینی قوتابیان و کارمەدانی دامەزراوەکانی فێرکردن و چاودێریکردنی ڕێوشوێنەکان کە لە قوتابخانەکان دەگیرێتە، بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە، هەروەها پابەندکردنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت بە ڕێوشوێنە تەندروستی و خۆپارێزییەکانەوە، کە ڕێگە نەدرێت بە هیچ فەرمانبەر و هاوڵاتییەک بێ دەمامک بێتە ناو فەرمانگەکانەوە.

٦- داخستنی سەرجەم ناوەندە کۆمەڵاتییەکان "وەک چێشتخانە و مۆڵەکان و شوێنەکانی دیکە" بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ڕۆژی ٢٤/١٢/٢٠٢٠ وە.

٧- داخستنی سەرجەم دەروازە سنورییە وشکانییەکان، تەنها بۆ حاڵەتە زۆر کتوپرەکان نەبێت



ڕیکلام