کتێبەکە سەبارەت بە شیعرێکى درێژى (ئەحمەدى مەلا)یە
کتێبی (بونیادنانەوەی ڕووناکی، لە «گەڕانەوەی زەردەشت»ـی (ئەحمەد مەلا)دا لە نووسینى (پێشەوا کاکەیی) و چاپکراوی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەیە کە کۆتایی ئەمساڵ (٢٠٢٠) بە چاپی گەیاندووە. ئەم پەڕتووکە (١٣٠) لاپەڕەیە و لە شەش بەش پێکهاتووە کە هەر بەشە چەند باسێکی لە خۆ گرتووە.
نووسەرى ئەم کتێبە تایبەت بە تۆڕى هەواڵى ژیان وتى: ئەم کتێبە ئەزموونێکی سەرەتای لێکۆڵینەوەمە وەک پەڕتووک لەمەڕ پەڕتووکێکی قەسیدە- کتێبی "گەڕانەوەی زەردەشت"ـی ئەحمەدی مەلا. (ئەم ئەزموونە نوێیەی شیعری کوردی کە قەسیدە/کتێبی «گەڕانەوەی زەردەشت»ـە به سهر دهکهینهوه به جۆرێک کە بتوانم شتێکی لەبارەوە بڵێم، هەرچەند پێویستی بە ئیستێکی زۆر و خوێندنەوەیەکی قووڵ و کاتێکی زیاتره لەوەی کە من بە خێراییەک به نێویدا گوزەر دەکەم. تەنیا لەم قەسیدە/کتێبەشدا ناتوانین بەو ئاسانییه بچینە نێو قووڵایـی و برین و شادمانی، بیر و سروش، تاریکی و ڕووناکی به تەواوهتى بەرجەستە بکەین؛ بە خێراییەکی ئاوا و سەرپێیانە، وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕی شیعری دادگایی بکەین و بە چەکوچێک بڕیار لەسەر شیـعری بدەین. ئەو به گەمەیەکی جوان و ئاڵۆز، لە خەونێکەوە بۆ خەونێکی دی، وا دەکات ڕۆحت بەر ڕۆحێکی دیکه بکهوێت. خودی سەفەرکردنی دەتبات و دەتهێنێتەوە، بە فۆرمێک کار دەکات کە کۆی فۆرمە بەستراوەکان تێک بشکێنێت و پەیوەندیی خۆر و شەو نزیک بکاتەوە؛ چنگەپشیلە و ئەستێرە بە یەک ئاشت بکاتەوە. وا لە چنگەپشیلە دەکات بە ئاسماندا هەڵگەڕێت و واش لە ئەستێرە دەکات سەرێک لە ئێمە بدات. خۆی شەتوگوم دەکات و هەمیشه خۆی لە شوێنێکی دی دەدرەوشێنێتەوه. ئەو دونیای گەردوون بە یەک ماڵ ناچوێنێت، گەردوونێکی داخراو و کراوە لە شیعردا دەخوڵقێنێت.
شایەنى باسە ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.