سەرتاکانی سالی شەست لەسەدەی بیست .. یەکێک لەلێکۆلینەوە بەناوبانگەکانی لیونارد مایر بەناوی (کۆتایی سەدەی ھەستانەوە ) ی بلاوکردەوە . لیونارد مایەر پێ ی وتین لەئێستادا چەمکێکی نوی بۆ جوانیناسی ھاتوەتە کایەوە ، ئەم چەمکە پرنسیپی غایەت لەناو دەبات و لەشوێنیدا ھونەرێکی بێ ئامانج دێنێتە کایەوە.
لەزانستی جوانیناسی مایەردا شتێک ماوەتەوە بەناوی ئەوەی مرۆڤ سەنتەری پێوەرەکانی شتەکان و بون دەبێت ، بەشێوەیەکی سادە چیتر مرۆڤ سەنتەری گەردون نابێت ، ھەروەک ئەوەی فەلسەفەی تازەگەری بانگەشەیان بۆ دەکرد ، بۆیە دەبێت سەر لەنوێ خۆمان بۆ شتێکی نوێ ئامادەبکەین ، ئەویش لەرێگەی کەشف کردن و گێوگرتنی نوێ بۆ ژیان ، چێژ وەرگرتن لەدەنگ وڕەنک وەک خۆی .. یان رەنگ وەک خۆی ، بون و ھەبونەکان وەک خۆی ، ئەمەش لەڕێگەی ھەلوەشانەوەی سەربەخۆی توێژی نوخبەکانی ھونەریەوە.
لەسەدەی بیست ئەوەمان بۆ دەرکەوت کەچەن تازەگەری و ئێستا لەنێوانمان ، دابرانێکی بەرچاو ئاشکرای ھەیە . ئەوەی لیونارد مایەر دەیەوێت پێمان بلێت ئەوەیە : دەکرێت تێوکڵی پەتاتەیەک دامالیت و ببێتە کارێکی ھونەری بەمەرجێک بیری لەگەلدابێت.
لەگەڵ دەرکەوتنی کتێبە بەناو بانگەکەی الکسندەر بومگارتن .. لەناوەراستی سەدەی ھەژدە لەسەر ئیستاتیکی ھەنگاوەکانی جوانیناسی دەستی پێکردو ھەر ئەمەش وایکرد کەسێکی وەکو جان جاک رۆسۆ بلێ ( من ھەست دەکەم ) لەجیاتی ئەوەی وەک دیکارت بلێ من بیر دەکەمەوە و ئەمەش یەکلاکەرەوەی ستراتیجیەتی عەقلانی بۆ ستراتیجیەتی جوانیناسی چۆل کرد ، پێی وایە بالاترو وشیارترن بۆ بەدەست ھێنانی پرشنگی جوانی.
بەلام بۆدلێر لەباشترینەکانی ئەم گۆرانکاریانە بوو کە بەلێکۆلینەوەکەی ١٨٦٣ ( وێنەکێشی ژیانێکی نوێ ) دوا بزماری خۆی لەسەر تازەگەری داوە کاتێک دەلێت : تازەگەری شتێکی کاتیەو زوو لەناو دەچێت و نیوەی ھونەرە ، بەلام ھونەر جێگیرو ھەمیشەیی نیوەکەی دیکەیەتی .
لای بودلێر ھونەر بابەتێکی نەمرو تێپەرێکی ئەبەدیە بەناو سەدیمی شتەکاندا ، ھیچ تایبەتمەنیدی ھونەرمەندێک ناتوانێ ئەمە تێپەرێنێت بەلکوو دەبێتە بەشێکە لەداھێنانەکانی ، بۆیە بەسڕینەوەی ئەم تایبەتمەندیە بێ گومان دەکەوێت و دەبیتە بابەتێکی ڕوت ، ھەروەکو گوناھی یەکەم ، کە لێتێگەیشتنی باوە بۆ گوناھی ئافرەت لەسەردەمە دێرینەکانەوە .
بەھاتنی تیکنەلۆجیا تویێنبی پێی وایە ئیدی سێگۆشەکە پێکھات و تەکنەلۆجیا شوێنی ئاینی گرتەوە ، واتە لەناوچونی تایبەتمەندی و گەلپەرستی و ھاتنی تیمی پارەو پێشبرکێی سەرمایەداری جیھانێکی ھاوبەشی گشتگیرتریان بۆ ھەمو کایەکانی ژیان دەستپێکرد.. لەوانەش سودو قازانجی جەمالیاتی ھونەر کە ئەمەیان بەلای مارکسێکانەوە .. (پارە لەعنەتە مەزنەکەی مرۆڤایەتیە ).
لێرەوە ئیدی فیوچەریزم و دادایزم دێن وەک دەنگ و زمان و ڕەنگێکی جیاواز لەجیھانی ھونەرو بیرکردنەوەی دژە باو.. تا ھونەر زەمەنی پێوەرەکانی خۆی لەدەست نەدات .
لەم سەرەتایەوە .. دەتوانین شوناسی ھونەریی ئارکێۆلۆژی و ئەنپرۆپۆلۆژی و تا رادەیەکیش ھونەری ریالیستی ، کاک رۆستەم ئاغەلە لەنێوان کلاسیزم و پۆست مۆدێرنەدا شیبکەینەوە ، حەفریاتەکانی ڕەنگ و مۆتیڤ و فۆنیمی دەنگەکان و موجەسەماتی شوێنەوارەکان ، ئەوانەی خەلکی ئاسایی درکی پێ ناکەن ..بیخەنە بەر باس و قسەیان لەسەر بکەین .
لەڕاستیدا تابلۆکانی ئاغالە بۆ من شوێن پێی زەمەنی دەنگ و ئاوازو پیۆلۆژی حەسەن زیرەکی ئەفسانەی کوردانە ، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت کەرسەکانی ئاغەلە ، وەک سەردیاتێکی ئارکێۆلۆژی ھەلسەنگێنین نەک وەکو ریالیستێک کارەکانی ئەم ھونەرمەندە ڕەسەنە گەورەیە شوناسبکەین ، ئەمەیان پێم وایە ھەڵە تێگەیشتنە لەھونەری ئاغالە،
رۆڵی زانستی ئارکێۆلۆژی لەسەردەمی ئێمە چی دەگەیەێنێت .. یان باشتر بلێم : لەتابلۆی کچی شواندا ، بالندەو پەپولە ، کەنمەکێک بۆ کچێکی شوان ، کراسێک بەگوڵ و تاسەی ئازادی کچێک بە سادەترین کلتوری کوردەواری چی بۆ ئێمە بەجێ دەھێلێت ، لێرەدا ئایە ئارکێۆلۆژیای تابلۆکانی ئاغالە ولامێکی سادەمان دەداتەوە وەک ئەوەی بلێین رابردوی ئەنسرۆپۆلۆژیمان بییر دەخاتەوە ، بەشێوەیەک بینەری روداوەکان لەگوتارێکی تازەدا ھێلکاری دەکات ، وبناغەی بیرکردنەوەیەکی نوێمان پێ ببەخشێت ، یان ئەوەتا رابردوو وەکو خۆی بە پێکھاتەیەکی ئەنتۆلۆجی راستەقینەوە بۆۆ مێژوی نەتەوەیەک دەنەخشێنێت و لەشوێنەوارێکی بەرز داماندەنێت .. یان تێکەلەیەکە لەکلاسیزم پۆست مۆدیرنە ؟ یان لەنێوان ھەردوکیان زیاتر دەروات و پرسیارە قوڵ و ئەندێشەکانی خۆیمان بۆ بەجێدێلێت ؟.
کەسێکی وەکو برۆنۆ دەڵێت جیۆلۆجیا ھەرگیز ناتوانێت قسەبکات ، بەڵام ئەوە جێۆلۆژیستەکانە بەناوی جێۆلجیاوە قسە دەکەن و ناونیشان و ھێلەگشتێکانی دەست نیشان دەکەن ، ئەمەش بۆ ئارکێۆلۆژستێک ھەروایە ، لەرێگەی ھەڵکۆلینی وێنەکانەوە تەواوی ماناو ڕەنگ و دەنگ و زمان و ھێلەگشتێکانی مێژوی ئەنتۆلۆژیامان پێدەبەخشێت ، لەم بوارەشا ئاغالە ئەو ھارمۆنێتەیە کە لەنێوان دوو زەمەنی جیاوازدا ، سەردێکی ئەنسرۆپۆلۆژیمان لەئاستێکی بالاو بارگاوی بەنۆستالیژیاو رەسەنایەتی ریالیزم ، بەزمان و دەنگە نوێیەکەی دوای تازەگەری ، وەک شوێنەوارناسێکی کوردی پێدەبەخشێت ، چونکە جولانەوەی ئیستاتیکی دوای تازەگەری سەدەی رابردوو ، بەمانای پلەو پاییەی بالاتری جوانیناسی بەسەر عەقلانیەدا ھێنا ، وە ڕوبەری ھەستی بەسەر فیکردا کێشا ، ھەروەھا گوتاری دوای تازەگەری لەناو خودی ھونەرەوە سەرچاوەی گرتوە ، وەکو بزوتنەوەیەکی ھونەری دەستپێکردوو ، دواجار بۆ قوڵای بوارەکانی دیکەی ڕۆشنبیری پەلی ھاویشت ، لەناوەراستی سەدەی بیستیشدا دوو گۆرانکاری گرنگ سەریان ھەڵدا ، یەکەم لەسەر ئاستی تێروانینی ئیستاتیکی ..دوەمیش لەسەر ئاستی بەرجەستەکردنی خودی ھونەر.
یەکێک لەرەخنەگرە بەناو بانگە مارکسیستەکان پێی وایە : سروشتی وەرگرتنی بەرھەمی ھونەری لەسەردەمی ئێمەدا ، بەناو گۆرانکاری جەوھەریدا تێپەری ، ھەر ئەمەش وایکرد بناغەو ونمونە کۆنەکان ھیچ مانایەک بەئێمە نەبەخشێت .. یان بەلای کەمەوە وەکو مۆدەیەکی کۆن و چۆل تەماشا بکرێت . تێڕوانینی ئیستاتیکی بەمانا تەقلیدێکەی ڕەونەقی خۆی لەدەستداوە ، لەشوێنیدا کۆمەڵێک تێرامان و شیکاریی و کاری ھونەری ورد ، بەتایبەتی ، ئەدەبی شوێنی گرتوەتەوە ، ئەمەش لایەنی کرداری بەسەر لایەنی زھنیدا زال کرد.
لەسەردیاتی ئارکێۆلۆژیدا ، کاتێک ئەفسانە دەبێتە مێژوو ئیدی شتێک نامێنێت بەناوی ئەفسانە بەلکوو راستەوخۆ تۆمارێکی مێژوی دێرین بەھەمو تایبەتمەندی و ھێلێکانیەوە خۆی نمایش دەکات و ھونەری پاوانخوازی خۆی بەسەر تەواوی بابەتەکەدا دەسەپێنێت.
ڕاستە ئاغالە لەبارەی ئەفسانەو میتافیزیکیەوە تەنھا یەک تابلۆی ھەیە ، کە ئەمەشیان بۆ من ماییەی خۆشحاڵی بوو ، چونکە جوزیف کامبل دەڵێت ھیچ حەقیقەتێک بەئەندازەی ئەفسانە راستەقینەتر نیە لەسیستمی عەقڵی و سایکۆلۆجی ئێمەی مرۆڤ ! بۆیە کچانی شاماران و جەستەی تێکەڵاوی ئافرەت بەسونبولێکی لاھوتی و ئاینی وەک مار ، سەرەتایەکی نوێی ئەفسانەیە لە تابلۆکانی رۆستەم ئاغالە ، چونکە مار سەرەتا چیرۆکی ئەفسانە مەزنەکانی مرۆڤ خواوەندە ، ھەروەھا سونبلی یەکەم ھاوسەری ئادەمە کە ئەویش (لیلیتۆیە ، یەکەمین ئافرەتی ئازادی خوازو یاخی دژ بە ئادەمێکان وەک کەسایەتیەک ، نەیتوانی وەک ژنێکی کۆیلە لەگەڵ ئادەم بژی ! بەلکو وەک یەکەمین ئافرەتی ئەم گەردونە داوای یەکسانی نێوان ژن و پیاوی دەکرد ! ) ئەم بابەتە لێرە بەجێدەێلم چونکە بەندە لەڕۆمانی ( مەعشوقەکانی شەیتان و لەیلا دا) وەک رۆمانێک بۆ گێڕانەوەی شکۆی شەیتان ! لەکۆی چەن سەد لاپەرەیەک ئەم رۆمانە کاری لەسەر دەکەم .
لێرەوە دەمەوێ ئەوە بلێم کە ئاغالە لەچوار تەوەری گرنگ کارە ئارکیۆلۆژی و ئەنسرۆپۆلۆژی .. ھەروەھا ریالیستی بەشێوەیەکی کەم و ئەفسانەی ژن و نەتەوەی بۆ ئێمە ، بەرەنگ و دەنگ و زمانێکی دیکەی ھونەری دوای مۆدێرنە ھێناوە .. لەھەموو گرنگتر لە ئەرشیفی عەتارێک دەچێت ھەمیشە بابەتە سروشتی و دێرین و تەندروستەکانی مرۆڤی لەلابێت .. بەلام بەبۆن و رەنگێکی خۆش و مەستانە وات لێدەکات شەیدای ، چیرۆکە دێرنەکانی مرۆڤی راستەقینە بیت ، راستەقینە وەک عیشق وەک مرۆڤ وەک سروشت وەک میھرەبانی و ئاشتەواوی ، ئەمەش بۆ خۆی جەوھەری کاری ھونەری سەروەرە .
سەردیاتی ئارکێۆلۆژی ئەگەرچی سنوردارە بەنەتەوەیەکی دیارو پەرواێزکەوتوی دونیا ..بەلام خۆی لەخۆیدا پرۆسەیەکی کەلەکە بوە بەدرێژای ئەفسانەکانی پییاوەتی و ژنێتی و سروشت و داب و نەریتی مرۆڤی دێرنی کورد کە ئەمەش دەھێندەی تر وایلێکردم شتێک لەبارەی تابلۆکانی ئەم ھونەر مەندە خۆشەویستەوە بلێم .
لێرەوە ھونەری ئارکێۆلۆژی ئاغالە ھونەرێکی کەلەک بوە ، لە ئەفسانەوە دەست پێدەکات و دەیکاتە مێژوی جێگیری ھونەر ، بە رەھەندە جیاوازەکانی زەمەن و زمانی مۆزیکی کوردانەی پێدەبەخشێت ، ئەمەش کەم ھونەر مەند ئەم تایبەتمەندیەیی ھەیە ، بۆیە لانەدان لەرەسانایەتی و گواستنەوەی بۆ رەنگ و زمانی ھونەری ھاوچەرخ ڕۆحی زیندو گەشەی ھونەرمەندەکەیە لەسەر ئاستێکی باڵا .
بەلام لێرە پرسیارێک دێتە پێش چۆن ئەفسانە دەبێتە مێژوو ، رۆلی ھونەرمەندێ بۆ ئەم بابەتە کەرەسەکانی چین ، لێرەوە جوانیناسی ھەستی وشیاری دەردەکەون تا چی ئاستێک ئەم بابەتە گرنگە بۆ ھەر ھونەرمەندێک بێەوێت زەمەنی ناکۆتایی رەنگەکان بکێشێت ، وەک شوناس وەک پێکھاتە وەک فەلسەفە ، وەک گوتار .
بێ گومان لێرەدا لیڤی شتراوس وڵاممان دەداتەوە لەکتێبی ( ئەفسانەو مانا ) شتراوس پێی وایە ئەفسانە سەرەتا بە دروست بونی گەردون و ئەمجار خێزان و دواجار ھۆزەکان دەست پێدەکات ، ئەم خولقاندنە لەسەر ئاستی فەلسەفی بونی ھەیەو لەسەر ئاستی ھونەریش مەزنترو جوانتر دێتە پێش چاومان و ئارکێۆلۆژیای ئەم توخمانەش ئەو کەرەسانەن کە ئاغالە پەنای بۆ بردوە ، ئەویش شوێنەوارەکان و مێژوو ، خێزانی کوردی و داب و نەریت و ئەندێشەی قولی ئینسانی کورد تەنانەت دینی راستەقینەی کوردان کە ئەویش زەردەشتێکانە نەک ئاینی بیابان.
بەبروای من بۆ ناسینی تابلۆکی ئاغالە بۆ من زانستی ئارکێۆلۆژی ئەفسانە دێرینەکانی کوردە ، ئەنپرۆپۆلۆژیا ڕۆحی ھونەرەکەی کاک رۆستەمە ، بەلام ئەم ھونەرە مەودای زەمەنی جیاوازیان ھەیە و سەربەقوتابخانەکانی ھەم کلاسیزمە ھەم دوای مۆدێرنەیە.. خاوەنی چوارچێوەو شوناسی دوای مۆدێرنەیە بەزمانێکی دێرین و بەھونەرێکی ھاوچەرخ .. لەبەشەکانی تر ئەم بابەتە بۆ ناسنی تابلۆ بەنرخەکانی ئاغالە درێژە پێدەدەین و پشوو درێژبن لەگەڵمان ، چونکە ناکرێت ئاغالەت ھەبێت و بھێڵیت وا بەئاسانی بروات بێ ئەوەی دەست و نیگاری خۆت لەسەر بێ مانای و ماناکانی ئەو تابلۆیانە نەکێشی ، مەبەست لە بێ مانایی زیاتر مەبەستم نالۆجیکیە !کە ھەمیشە ژیان جوانتر دەکەن.