لاهور شێخ جەنگی: نەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان ئاسۆی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا قورستر کردووە

  2020-12-27  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەمیانی سەردانیکردنی خانەوادەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، نەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان لە ڕابردوودا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواخستنی دانوستانەکان، ئاسۆی ڕێککەوتنەکانی ناڕوون و قورستر کردووە، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دەکەن، دۆخی ئێستای هاوڵاتییان لەبەرچاو بگرن و بگەنە رێککەوتنی یەکلاکەرەوە.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەیدسادق سەردانی خێزانی ئەو قوربانییانەمان کرد کە لە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەهید بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، "وێرای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بە خانەوادەکانیان، دووپاتمان کردەوە کە نیگەرانین لە بە لاڕێدابردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتییان، کە بەداخەوە کەسانی بەرژەوەندیخواز بۆ تێکەڵکردنی مەرامەکانیان بە داوای حەق و ڕەوای خۆپیشاندەران و شێواندنی سیما جوانەکان و ئەو ئازادیی و ئارامییەی لەسنوورەکە فەراهەم کراوە خۆیان خزاندە ناو خۆپیشاندەران و گرژیی و ئاڵۆزییان دروست کرد".

وتیشی، "جەختمانکردەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەمیشە لە پێناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان قوربانی داوە و خەباتی کردوە بۆ ئازادی و خۆشگوزارانی و ئارامیی میللەتەکەمان، هەر بۆیە خواست و ویستی ئێمە نەبووە، دژی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەش وەستاوینەتەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا کەوتنەوە، ئێمە هەموو خۆپیشاندەران بە کەسوکاری خۆمان دەزانین، لە هەمانکاتیشدا نیگەرانین لە خەمساردی حکومەت لە ئاست دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانی".

لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاند، "پێویستمان بە یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی و بڕیاری سیاسیی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و ڕزگارکردنی میللەتەکەمان لە نەهامەتی و برسێتی و بێدەرەتانی . "

هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ لای خانەوادەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق،  هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جەختیانکردەوە کە نەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان لە ڕابردوودا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواخستنی دانوستانەکان، ئاسۆی ڕێککەوتنەکانی ناڕوون و قورستر کردووە، بۆیە داوا دەکەن حکومەتی هەرێم و  حکومەتی فیدراڵ دۆخی ئێستای هاوڵاتییان لەبەرچاو بگرن و بگەنە رێککەوتنی یەکلاکەرەوە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١.

 دوپاتیشیانکردەوە، وەک سەرۆکایەتیی یەکێتیی دەستەوەستان نابن و لە هەوڵی فراواندان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی قانونی و دەستوری کە خێر و خۆشی بۆ میللەتەکەمان بێنێتە دی.



ڕیکلام