لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ كێشەى زەوى و زارى ناوچەكانى دەوروبەری کەرکوک دەکات و ئەمڕۆش یەکەم کۆبوونەوەی بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە ئەنجامدا.
رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پاش ئەوەى لەماوەكانى ڕابردوودا بڕياردرا بە پێكھێنانى ليژنەيەكى پەرلەمانى، بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ كێشەى زەوى و زارى ناوچەكانى سنوورى ماددەى ١٤٠، ئەمڕۆ يەكەم كۆبوونەوەى ليژنەكە بەسەرۆكايەتى محەمەد رەزا سەرۆكى ليژنەى ئاسايش و بەرگرى ئەنجومەنى نوێنەران و سەرۆكى ليژنە و ئەندامانى ليژنە بەڕێوەچوو.
وتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا ھەر يەكە لەنوێنەرى پێكھاتەكان باسمان لە چۆنيەتى دۆخى ئێستاى ئەوناوچانە كرد كە كێشەى زەوى و زارى كشتوكاڵيان تێدايە لەگەڵ پۆلێن كردنى كێشەكان" .
ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر لەكۆبوونەوەى دووەمدا گوێبيستى دانيشتوانى ناوچەكانى سەرگەڕان و پەلكانە و گوندەكانى دەوروبەرى و داقوق و گوندەكانى دەوروبەرى بووين.
رێبوار تەها راشیگەیاند، كۆبوونەوەكانمان لەبەغدا بەردەواميان دەبێت تا ئامادەكردنى ڕاپۆرتێك و پێشكەشكردنى بە سەرۆكايەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق.