ئەمینداری حزبوڵای عێراق: تا خوا حەز بکات چەکەکانمان بە دەستمانەوە دەبێت

  2021-01-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەبو حسین حەمیداوی ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق ئەمرۆ لە بەیاننامەیەکدا، کە بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە بڵاویکردەوە، ڕەتیکردەوە یاری بە چەکەکانیان بکرێت.

لە بەیاننامەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەییان لەو یادەدا پەیامێکی ڕێگەپێدانە بۆ تۆڵەکردنەوە، چونکە هێشتا خوێنیان دەکوڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد "ناچنە ناو باڵیۆزخانەی شەڕ (کە مەبەستی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە) ئەم حکومەتەش ناڕوخێنین، بەڵام هێشتا کاتی زۆریان لەبەردەستدایە".

حەمیداوی دەربارەی ئەو چەکەی بەدەستیانەوەیە وتی "چەکەکانمان بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵتڕدان و لە ڕووی ڕێکخستنیشەوە لە باڵاترین دامەزراوە سەربازییەکانە بە درێژایی مێژوو، ئەو چەکانەش بە دەستمانەوە دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی خوا حەز بکات".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەمینداری گشتی حزبوڵای عێراق ڕایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن جا هەر کەسێک بێت،  یاری بە چەکە پیرۆزەکانمان بکات، کە خاک و شەرەف و خوێنی پێی پارێزراوە، پابەندی ئەو بەڵێنەش دەبن کە داویانە بە سەرکردەکانیان، بۆ بەردەوامی و مانەوە لەسەر ڕێگەی سەربەرزی و باوباپیران، بە پشتیوانی خوا دەبنە هەزار سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.

ئەو وتانەی ئەمینداری گشتی حزبوڵای عێراق لە کاتێکدایە، لە چەندین لێدوانێکدا مستەفا کازمی جەختیکردووەتەوە، ڕێگە نادەن بە چەکی لە کۆنترۆڵ دەرچوو، بە ویستی خۆی هاتووچۆ بکات و بەکار بهێنرێت.

 



ڕیکلام