دادگاییكردنی دەمیرتاش بۆ سێ مانگی دیكە دواخرا

  2021-01-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای توركیا دادگایی دەمیرتاشی لەسەر دۆسیەی سوكایەتیكردن بە ئەردۆغان لە دۆسیەكانی دیكەی جیاكردووەتەوە و بڕیاریشیدا دادگایكردنی ئەو سەركردە كوردە بۆ مانگی ئازار دوابخات.

دوێنێ دانیشتنێكی دیكەی دادگاییكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەڕێوەچوو، ئەوەش هەشتەمین دانیشتنە كە لەبارەی دۆسیەی بێڕێزیكردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا كە ئێستا سەرۆكی پارتی ئایندەیە بەڕێوەچوو. 

دادگاییەكە لە حەوتەمین دادگای سزای باكركۆی لە شاری ئیستەنبوڵ بوو هیچ لایەكی دۆسیەكە بەشداری دادگایان نەكرد بەڵكو پارێزەرەكانیان ئامادەی دادگاییەكە بوون و دادوەر بڕیاریدا بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگاییەكە تۆمەتبارەكە ئامادەی دانیشتنەكە ببێت لە رێی سیستەمی دەنگ و رەنگەوە. 

لە دوای دەستگیركردنی دەمیرتاش و سەركردەكانی دیكەی كورد لە باكوری كوردستان زۆرترین دادگاییەكان دادوەر نەیهێشتووە بۆخۆیان بە راستەوخۆ بەشداری دادگاییەكان بكەن بە هۆی مەترسی بڵاوكردنەوەی پەیام لە كاتی دادگاییكردنەكەدا و دروست بوونی خۆپیشاندان لە بەردەم دادگاكاندا و زۆری سکاڵاکان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە. 

لە دادگاییەكەی دوێنێدا لەسەر داخوازی پارێزەرەكانی سەرۆك كۆماری توركیا دادوەر داواكاری پارێزەرانی دەمیرتاشی بۆ رێكخستنی دۆسیەكە لەگەڵ دۆسیەكانی دیكەی دەمیرتاش رەتكردەوە و بڕیاریدا وەك دۆسیەیەكی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بكات. 

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی تیرۆر لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 ـەوە دەستگیركراوە و زیاتر لە 4 ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە، لەسەرەتای دەستگیركردنیەوە داوای 143 ساڵ زیندانیكردنی بۆكرابوو، بەڵام تا ئێستا لەبەشێك لە دادگاییەكاندا بێ تاوان دەرچووە. 


ڕیکلام