ئێران یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆناوە گۆڕاوەکەی تیا تۆمارکرا

  2021-01-05  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەعید نمەکی وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو لە وڵاتەکەی تۆمار کراوە، کە هاوڵاتییەکی ئێرانییە و بەم دواییانە لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە.

نمەکی لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ڕایگەیاند "بە داخەوە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاو تۆمار کراوە و ئەو کەسە گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت، بەڵام هیچ کام لە نزیکەکانی نەخۆشەکە تا ئێستا تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون".

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئێران یەکەم تاقیکردنەوەی لەسەر ئەو ڤاکسینە کرد، کە خۆی بەرهەمی هێناوە تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام چالاکانی مەدەنی نیگەرانی و دوودڵی خۆیان نیشاندا لە کاریگەریی و سەلامەتی ڤاکسینە ئێرانییەکە.

کەناڵی (پرێس تی ڤی)ی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، تاقیکردنەوە لەسەر ڤاکسینە ناوخۆییەکە دەستی پێکردووە، دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەکانی لەسەر ئاژەل سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دواتر مۆڵەتی فەرمی بۆ وەرگیرا بۆ بەکارهێنانی.

تاقیکردنەوە لەسەر ڤاکسینە بەرهەمهاتووە ناوخۆییەکەی ئیران لە بارەگای (لبژنەی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام)ی نا حکومی ئەنجامدراوە، بڕیاریشە لەسەرەتاوە لەسەر ٥٦ خۆبەخش تاقیبکرێتەوە، ناوی ڤاکسینەکەش (کۆفیران بەرەکات)ە، ناوی ئەو گروپی دەرمانەیە کە لەسەر پرۆسەی گەشەپێدانی ڤاکسینەکەوەیە.

دروستکردنی فاکسینی ناوخۆیی لەلایەن ئێرانەوە لە کاتێکدایە، فشارە ئابورییەکان لەسەر ئێران بە تەواوی کاریگەریی دروستکردووە، بەشێوەیەک تا ئێستا نەیتوانیوە پارەی پێویست بە دراوی قورس تەرخان بکات بۆ کڕینی ڤاکسین  لە دەرەوەی وڵات، جگە لەوەش هیچ توانایەکی ئەوتۆی لەبەر دەستدا نییە بۆ گواستنەوە و پاراستنی ڤاکسینە بیانییەکان لە کاتی گواستنەوەیدا.



ڕیکلام