پزیشکێک لە 650 هەزار دۆلار قەرزی نەخۆشەکانی خۆش بوو

  2021-01-05  | 
عومەر عەتیق پزیشکێکی بە رەگەز پاکستانییە و لە ئەمریکا پزیشکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەیە
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پزیشکێکی ئەمریکی بە ڕەگەز پاکسانی پسپۆڕ لە بواری شێرپەنجەدا بڕیاریدا بە سڕینەوەی بڕی ٦٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە وەک قەرز لەسەر نەخۆشەکانی کەڵەکە بووب وو، بە تایبەت دوای ئەوەی بۆ دەرکەوتووە زۆربەیان ناتوانن پارەی نۆرینگە و چارەسەرەکانیان دابین بکەن.

ئەو پزیشکە ناوی (عومەر عەتیق)ە  و ناوەندێکی پزیشکی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی هەبووە لە ویلایەتی ئارکنسۆی ئەمریکا، بەڵام دوای ٣٠ ساڵ لە کارکردن لەو بوارە بڕیاریدا سەنتەرەکەی دابخات.

دواتریش لەڕێگەی کۆمپانیایەکی تایبەتەوە، دەستی کرد بە مامەڵەی وەرگرتنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کە لەسەر نەخۆشەکانی بوون، بەڵام دوای بەدواداچوون بۆ دەرکەوتووە، زۆربەی نەخۆشەکان و خێزانەکانیان توانای دانەوەی ئەو قەرزانەیان نییە، بە تایبەت لە ساڵی ڕابردووەوە پەتای کۆرۆنا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی خێزانەکان.

ئەو پزیشکە لەم چەند ڕۆژەی یادی سەری ساڵدا، هەموو نەخۆشەکانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە لە هەموو قەرزەکانیان خۆش بووە.

ئەو پزیشکە للە کارتێکی پیرۆزبایدا بە بۆنەی ساڵی نوێیەوە بۆ نەخۆشەکانی نووسیویەتی "نۆرینگەی ئارکنسۆ بۆ شێرپەنجە خۆشحاڵە بەو خزمەتگوزارییەی کە پێشکەشی کردوویت وەک نەخۆشێک، سەرباری دڵنیاییە تەندروستییەکان، ئەو پارەیەی لەسەرتان کەڵەکە بووە قورس و بێزار کەرە، بە داخەوە لەئێستادا بەو شێوەیە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە نەخۆش دەکرێت، بۆیە نۆرینگەکە بڕیاری داوە لە مافی خۆی خۆش بێت لەسەر هەموو ئەو برە پارانەی کە وەک قەرز لەسەرتان کەڵەکە بووە.. کاتێکی خۆش و کامەران بەسەر بەرن".

ئەو پزیشکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پرۆگرامی "بەیانیت باش ئەمریکا" لە تۆڕی تەلەفزیۆنی (ABC ئەمریکا ڕایگەیاند "لەگەڵ تێپەڕبوونی کات تێگەیشتم کە زۆربەی نەخۆشەکان ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە بە ناوەندە تەندروستییەکەم".

ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆی و خێزانەکەی بیریان لەوە کردەوە، کە لە قەرزەکانیان خۆش ببن، چونکە دەتوانن، بۆیە بڕیارەکەیان بەو شێوە خستە بواری جێبەجێکردنەوە و لە هەموو قەرزی سەر نەخۆشەکانی خۆشبوو.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، ماڵ و ژیانی خەڵک و کۆمپانیاکان وێران بوون.

لیستی نەخۆشەکانی ئەو پزیشکە گەیشتووەتە ٢٠٠ نەخۆش و بڕی قەرزەکانی گەیشتووەتە ٦٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی.

ئەو کۆمپانیایەی کە کاری کۆکردنەوەی قەرز و ئەرکە داراییەکانی بۆ ئەو پزیشکە جێبەجێ کردووە، ڕایگەیاندووە، عەتیق کەسێکی زۆر بەسۆزو لێبوردەیە.

دەیڤید ڕۆتن جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە گروپی مافەکانی نەخۆش لە کۆمەڵەی ئارکنسۆی پزیشکی، دەربارەی هەڵوێستی ئەو پزیشکە ڕایگەیاند، عومەر عەتیق پەیوەندی پێوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، لە بیرۆکەیدا هیچ شتێکی نائاسایی نییە کە لە قەرزی سەر نەخۆشەکانی خۆش بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو پزیشکە بناسیت، بۆ دەردەکەوێت کە یەکێک لە هەرە پزیشکە بە ویژدان و پاک و دڵسۆزەکان، لە مێژووی کاریکردنی خۆیدا عەتیق سۆزدارترین پزیشک بووە کە ناسیویەتی.

عومەر عەتیق پزیشکێکی بە رەگەز پاکستانییە و لە ساڵی ١٩٩١ لە ئەمریکا سەنتەریکی تەندروستی تایبەت بەشێرپەنجەی دامەزراندووە، چارەسەرەکانی کیمیایی و تیشکی پێشکەش بە نەخۆشەکانی کردووە، لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆ (ئارکنسۆ) بۆ زانستی پزیشکی.



ڕیکلام