رۆمیۆ و جولێت لە چل کاری سینەمایی دا

  2021-01-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەیدەر عەبدول ڕەحمان

رۆمیۆو جولێت، کە لەرەسەندا شانۆگەریەکی رۆمانسی و تراژیدی شکسپیرە دوای هاملێت، دووەم فیلمە کە تائێستا 40 کاری سینەمایی لەسەر کرابێت، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە فیلمەکە بینەرێکی زۆری هەبووە، بەهۆی ئەو خۆشەویستیە رۆمانسییە ناتەقلیدیەی لە فیلمەکە دایە، هەروا تیشک دەخاتە سەر ئەو ململانێ‌ توندو بەتینەی نێوان هێزی شەڕو هێزی خێر لەناخی مرۆڤ و ئەو باجەی کە دەبێت ئاشقەکان لەکەسانی قین لەدڵی بسێننەوە .

تا ئێستا ئەم تێکستەی شکسپیر بەزیاتر لەسەد زمانی جیهان وەرگێڕدراوە، کاتی خۆی شکسپیر بۆ نووسینەوەی ئەم تێکستە شانۆییە زۆر کاریگەر بووە بەقەسیدەیەکی شاعیری ئینگلیزی(ئارسەر برۆک ) بەناونیشانی (داستانی رۆمیۆ جولێت ) ئەویش لەلایەن خۆیەوە بۆ نووسینی ئەم قەسیدەیە سوودی لەچیرۆکێکی نووسەری ئیتاڵی(ماتیۆ باندیلۆ ) وەرگرتبوو .

روداوەکان لەشاری(فیرۆنا) ی ئیتاڵی دەست پێ‌ دەکەن، بەدوژمنکاری کۆنی هەردوو بنەماڵەی (مۆنتیجیۆ ــ کۆبولت ویشک) پاشا ویسکالۆس بۆ چەندین جار ئاگاداری ئەو دوو بنەماڵەیە دەکاتەوە، لەدوور کەوتنەوەی شەڕو شۆڕو دروست کردنی نائارامی لەشارەکەدا، هەڕەشەی لە سێداردانی هەرکەسێکیش دەکات کە پابەند نەبێت بەبڕیارەکانی، ئەوکاتە رۆمیۆ کەوتبوە داوی خۆشەویستی( رۆزالین) شەوێک رۆمیۆو بنگۆلیۆی هاوڕێ‌ ی دەچنە ئاهەنگێکی بنەماڵەی (کابۆلیت ) و بەشێوەیەک خۆیان پۆشیووە نەناسرێنەوە، بەڵام کاتێک (تیبالت) دەیانناسێتەوە، هەوڵ دەدات دەست کات بەشەڕ کردن، بەڵام کابۆلیت رێگە بەئاژاوە نانەوە ناداو رۆمیۆ لە ئاهەنگەکە بەدوور دەکاتەوە، بەڵام بەر لەوە جولێت دەبینێ‌ و دووپاتی خۆشەویستی خۆیان دەکەنەوە بۆ یەکتر، دواتریش لای راهیبەیەک هاوسەر گیریی دەکەن ..کاتێ‌ پاشا هەواڵی شەڕو شۆڕەکە دەزانێ‌، بڕیار دەدات رۆمیۆ نەفی بکرێ‌ و لەشاری (فیۆن) بەدەر بنرێ‌، راهیبەکە هەواڵی نەفی کردنی رۆمیۆ بەجولێت دەڵێت و پەیمانی دەداتێ‌ هەوڵ بدات بەیەکیان بگەیەنێت، وا ئامۆژگاری رۆمیۆش دەکات بەنهێنی جولێت ببینێ‌، پاشان فیۆن بەجێ‌ بێڵن بەرەو(مانتوا) ئینجا کابۆلیت داوا لەجولێت دەکات کەتا ماوەی سێ‌ رۆژ هاوسەر گیریی لە گەڵ(باریس) ئەنجام بدات، بەڵام جولێت رەتی دەکاتەوە هاوسەر گیری لە گەڵدا بکات، بەڵام دواتر وەک بەکارهێنانی تەکتیکێک بۆ خۆ رزگار کردن جولێت وا بەباوکی رادەگەیەنێت کە ئەو رازییە هاوسەر گیریی لەگەلً پاریس ئەنجام بدات، بەڵام رۆژێک بەر لەوە دەرمانێک دەخواتەوە و خەڵکی وایان زانی گیانی لەدەست داوەو پرسەیان بۆ دانا، رۆمیۆ کە ئەو هەواڵە دەزانێ‌ سوێند دەخوات کە دەبێت لەگەڵ جولێت بنێژرێت، لەبەر ئەوەی ئاگاداری پلانەکەی جولێت نەبوو بۆ گەیشتن بە رۆمیۆ، بۆیە ژەهرێکی خۆکوشتن دەکڕێ‌، راهیبەکەش ئاگاداری جولێت دەکاتەوە، نەیتوایووە پلانەکە بەرۆمیۆ بگەینێت، بۆیە ئەگەر بزانێ‌ تۆ مردویت مەترسی مردنی دەکەوێتە سەر، کاتێکیش کە پاریسی زاوا دەیەوێ‌ لاشەکەی جولێت ببینێ‌، ڕووبەڕووی رۆمیۆ دەبێتەوە کە بەرەو هەمان شوێن دێ‌، بەرانگیری یەکتر دەبنەوەو رۆمیۆ پاریس دەکوژێ‌، ئینجا ژەهرەکە دەخواتەوە بۆ ئەوەی لەتەک جولێت بمرێت، کاتێ‌ راهیبەکە دەگاتە سەریان رۆمیۆ بە مردوویی دەبینێت، ئینجا جولێت لەبێ‌ ئاگایی بەخۆ دێتەوە و لاشەی مردووی رۆمیۆ دەبینێت، هەر بە خەنجەرەکەی رۆمیۆ خۆی دەکوژێت .

فیلمە بە دەنگەکانی رۆمیۆو جولێت

فیلمە بێدەنگەکانی رۆمیۆو جولێت ( 28) فیلمن :

1. فرەنسا جۆرج میلیس 1901

2.  ئەمریکا ستیوارت بلاکتۆن 1908

3. ئیتالیا ماریۆ کاسیرینی 1908

4. بەریتانیا ویجی بارکر 1908

5. ئەمریکا 1911

6. فرەنسا 1911

7. ئیتالیا ئوجو فالینا 1912

8. فرەنسا 1914

9. ئەمریکا 1915

10.ئەمریکا رائول والش 1916

11.ئیتاڵیا ئەمیلۆ جرازینی 1918

12. ئەمریکا فین موری 1920

13.ئەڵمانیا بیتر بول فیتلر 1923

14.ئەمریکا ئەی .ا. دوبون 1926

فیلمە بەدەنگەکانی رۆمیۆ جولێت :

1.فیلمی (رۆمیۆو جولیت) بۆ یەکەم جار ساڵی 1935   لەدەرهێنانی (جۆرو کیوکر) پێشکەش کراوە، بەڵام ئەو سەرکەوتنەی بەدەست نەهێناوە وەک چاوەڕوان دەکرا، کە تێیدا (نۆرما شیرۆ) رۆڵی (لیزلی هوارد ) رۆڵی رۆمیۆی بینی .

2.ساڵی 1939 لەوڵاتی فەرەنسا دەرهێنەری ناسراوی فرەنسی (ویلی روزویر ) فیلمی رۆمیۆو جولێتی بۆسینەما بەرهەم هێنا .

3.هەروا ( فارلین شمیدلی) ساڵی 1941 لەسویسرا کاری دەرهێنانی بۆ رۆمیۆ جولێت ئەنجام دا .

4.(میجیل دلجادۆ) لە مەکسیک ـ ساڵی 1943 فیلمی رۆمی رۆمیۆ و جولێتی دەرهێنا .

5.ساڵی 1944 فیلمێکی تر لەشانۆگەری رۆمیۆ جولێت فیلمێکی میسری بوو، بەناوی ( شەهیدانی ئەڤینداری) دەرهێنانی کەمال ئەلشەیخ .

6.ساڵی 1948 فیلمێکی تر بەبەرهەم هات، فیلمێکی هیندی بوو(رۆمیۆ جولێت) دەرهێنانی(ئەکتار حسێن) نواندنی(نرجس و یوراج) کە دوو ئەستیرەی ناسراوی بواری گۆرانی و موزیک بوون .

7.فیلمێکی تری رۆمیۆو جولێت ساڵی 1954 بەبەرهەم هاتووە ، فیلمێکی ئیتاڵی بووە، لەدەرهێنانی( ریناتۆ کاستیلانی) نواندنی سۆزان شینتال و لۆرانس هارفی )

8.ساڵی 1958 فیلمێکی سۆڤیەتی بوو، بەناتوی( رۆمیۆو جولێت) دەرهێنانی(لیف ئەرینتشام ) لەبالیەی (برۆکوفییف) وەرگیرابوو .

9. چیرۆکی گەڕەکی رۆژئاوا (West Side Story)) فیلمێکی موزیکیە ساڵی 1961 بەرهەم هاتووە، لە دەرهێنانی (رۆبەرت وایز) 10 خەڵاتی ئۆسکاری بە دەست هێناوە، لەوانە خەڵاتیباشترین فیلم، بشاترین ئەکتەری لاوەکی پیاووباشترین ئەکتەری لاوەکی ئافرەت، باشترین جلو بەرگ و باشترین موزیک ،روداوەکانی لە گەڕەکێکی کۆنی نیۆیۆرک تۆمار کراوە، لە نواندنی(ناتالی وۆرد ــ ریتشارد بایمەر )

ساڵی 1964 فیلمێکی ئیتاڵی ئیسپانی هاوبەش بەر،هەم هێندرا، لەلایەن دەرهێنەری bئیسپانی ریکاردۆ نریدا کاری دەرهێنانی بۆ کراوە .

10.ساڵی 1965 بەبەرهەم هاتووە، نمایشێکی ئەکادیمییای پاشایی بۆدراما لەلەندەن وەرگیرابوو، دەرهێنانی( فال دروم )

11.ساڵی 1967 فیلمێکی ئیتاڵی بەریتانی هاوبەش بەرهەم هات، دەرهێنانی ( فرانکۆ زیفرللی) نواندنی (لیۆناردۆ وایتینج) و ئۆلیڤیا هاسی ..ئەم فیلمە بە باشترین دادەندرێت لەو فیلمانەی لەشانۆیی (رۆمیۆ و جولێت) وەرگیراون .

زیفرللی ــ لەم بارەیەوە دەڵێت: دوای ئەوەی دە ساڵان کارم لەشانۆو ئۆپیرادا کرد، چەندین شانۆگەری شکسپیرم بۆ شانۆ دەرهێناوە، پێم ئاسایی بوو بەسینەما دریژە بەکارەکانم بدەم لە گەڵ شکسپیردا .

جۆرج کاو لە نووسینێکی بەناوی ( وتووێژێک لەگەلًَ زیفرللی) لەگۆڤاری فیلم ئاندفیلمنج ـ لەبەریتانیا ئەپریلی 1973دەڵێت :

رەخنەگری بەریتانی (کینیت تینان) نوسیوویەتی: کەسایەتیەکان نەگەورەتر لەخۆیان نەبچووکتر بوون لەژیان، بەڵکو کتومت بەقەد خۆیان بوون..دەرهێنەر رێچکەیەکی سادەو وروژێنەری بەکارهێنابوو لەرەسم کردنی کەسایەتیەکاندا، وەک ئەوەی تاکی راستەقینە بن لە هەڵوێستە راستیەکاندا .

ئەکتەرەکان هەستیان بەوە نەدەکرد لەچەند رۆڵێکا نواندن دەکەن، لەتراژیدیایێکی نەمردا، بەڵکو وەک کەسانی زۆر ئاسایی کاریان دەکرد .

دەڵێن ئەم جۆرە شێوازە ریالیستیە خەسڵەتە راستەقینەکانی شکسپیر نیشان دەدەن.

زیفرللی ــ بەهەمان ئەو هەناسە ریالیستیە ئەو فیلمەی دەرهێناوە، بۆ رۆڵ بینینەکەش دوو ئەکتەری لاوی لەتەمەنی حەڤدە ساڵی و شانمزە ساڵی هەڵبژاردووە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا فیلمەکەی (زیفرللی) بەدەر نەبوو لەرەخنە، زۆر لەوان گلەییان لەوە هەبوو کە فیلمەکە دیمەنی رووتی تێدایە ئەمەش بەلای ئەوانەوە روخانی بەرائەت و پاکیزەیی بوو لەفیلمەکەدا .

بەڵام (زیفرللی) دەڵێت: لەیەکەم شەوو دوا شەوی خۆشەویستیان هەردوو ئاشق وەک دوو فریشتە خەوتبوون، ناکرێت ئەم دیمەنە بەشێوەیەکی هەڵە لێک بدرێتەوە .

فیلمەکە لە نواندنی( ئۆلیفیا هاسی ( 15) ساڵ (وایتنج لیۆناردۆ 17 ساڵی) بوو، دوو خەڵاتی ئۆسکاری بە دەست هێناوە، خەڵاتی باشترین وێنە گرتن و خەڵاتی باشترین دیزاینی جلو بەرگ .

(باز لۆرمان) یش، ئەم فیلمەی لەساڵی 1997 لە فیستیڤاڵی بەرلینی سینەمایی نمایش کرد، لەئەنجامدا خەڵاتی (فرید باوەر) و خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت و باشترین ئەکتەری پیاو درایە (لیۆناردۆ دی کابریۆ) لەرۆڵی رۆمیۆ و، فیلمەکە 20 ملیۆن دۆلاری تێ‌ چووبوو، بەڵام لە یەکەم نمایشی دا 75 ملیۆن دۆلاری بەدەست هێنا، بۆیە فیلمەکە لەو کاتەدا لە رووی داهاتەوە بوو بەسەرکەوتووترین فیلمی شکسپیر .

ئەم فیلمە دووەم فیلمی درێژی دەرهێنەری ئیتاڵی (باز لۆرمان) بوو کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا .

فیلمەکە رێکەوتی 400 مین ساڵیادی نووسینی رۆمیۆ جولێت بوو، وەک د. (موئەنەس تاها حوسێن) دەڵێت: یەکێکە لەشاکارە هەرە بەچێژەکانی شکسپیرو بەیەکەم شانۆگەری سەرهەڵدانی درامای رۆمانسی دادەندرێت لەئەدەبی ئەوروپی دا، کە کۆمێیدیاو تراژیدیا ئاوێزانی یەکتر بکات.



ڕیکلام