لە شارى سلێمانى پەیکەرێک بۆ ئەحمەد کایا دروست دەکرێت

  2021-01-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەیکەرەکە ئاماژەى ڕێز و وەفایە لە هونەرمەندى کورد (ئەحمەد کایا )

دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت بە سپۆنسەری (د. تەها رەسوڵ) پەیکەرێک بۆ هونەرمەندی بەرگریکارى کورد ئەحمەد کایا دروست دەکەن و لە په‌یکه‌ره‌که‌ لە دروستکردنى پەیکەرساز (چێنەر نزار).ە و لە شارى سلێمانى دادەنریت .

تایبەت بە تۆڕى هەواڵى ژیان چێنەر نزار گوتى: هەموو ئامادەکارییەکانم بۆ پەیکەرەکە کردوو لە لایەنى هێڵکاریی و داڕشتنەوە، هەروەها قەبارەى کارەکە نیو مۆدێلە و هەوڵمداوە ئەو پەرۆشى و نیشتیمانپەروەرییەى لە ژیانى هونەرمەندى گۆرانیبێژ ئەحمەد کایادا هەبووە لە کارەکەدا بەرجەستەى بکەم، چونکە خزمەتکردن و زیاتر نیشاندانى ئەو هونەرمەندە ئەرکێکە دەبێت پێى هەستین .

چێنەر وتیشى: پەیکەرەکە لە پاخچەى ئەحمەد کایا لە گەڕەکى توى مەلیکى شارى سلێمانى دادەنرێت، هاوکات لەگەڵ ئەم پەیکەرەدا کە شێوەى نیو مۆدێلى هەیە، پەیکەرێکى دیکەمان بە شێوازى ڕیلیف دروستکردووە، لە هەوڵى تەواوداین تاکو بتوانین بیگەێنینە سەر گۆڕى هونەرمەندى مەزن ئەحمەد کایا، وەک ئاماژەى ڕێز و وەفا بۆ ئەو هەڵوێستە کوردانەیەى کە جیهانى هەژاند .

ئەحمەد کایا له‌ چه‌ند دێرێکدا :

- لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لە دایکبووە .

- گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و موزیکژەن و شاعیرێکی کوردە .

- لە شارى ئەستەمبوڵ دەستى بەکارى سیاسى کردووە .

- لە ساڵی 1985 ئە یەکەم ئەلبوومی بەناوی (مەگری کۆرپەکەم) بڵاوکردۆتەوە .

- بە گۆرانییە کۆمەڵایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی باکورى کوردستانى کردووە .

- لە رۆژى 10/2/1999 کاتێک بووە براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆی، وەک باشترین گۆرانیبێژی ساڵی دیاریکرا و لە مەراسیمەکەدا خەڵاتى وەردەگرت، وتی: "من گۆرانییەکی کوردیم لەناو ئەلبومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم، گومانم نییە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی بوێر هەن کە ئەلبومە تازەکەم بڵاوبکەنەوە"، دوای تەواو بوونی قسەکانی، چەندین ھونەرمەندی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: خاین! بڕۆ دەرێ .

- لە رۆژى 30/4/199 دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی دایە پاڵی .

- لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە کە درابوونە پاڵی .

- لەو ماوەیەى لە ئەورووپا بووە، دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی خۆى، سزای (10) دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا .

- لە ساڵی 2000 بەیەکجاریی رووی لە فەرەنسا کرد، بەڵام تاراوگە نەیتوانی برینەکانی ئەو ساڕێژ بکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی غەریبیی خۆیەوە بە چاوی فرمێسک تێدا قەتیزماودا، دەڵێت: "هاوین بێت و زستان بێت شەوانە زۆر سەرمام دەبێت، لەبەر ئەوە نییە کە گەرمکەرەوە نییە، بەڵکو یەک هۆکار هەیە، ئەویش لەبەر دووری وڵاتە سەرمام دەبێت، کۆتایی تەختی ئەم سیناریۆیە بە کەوالیسێکی کوشندە دادەپۆشرێت، ڕۆژێک دێت هەر دەگەڕێینەوە ".

- لە ساڵی 2000لە فەرەنسا کۆنسێرتێکی گەورەی سازکرد، کە نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشدارییان تێداکرد .

- لەماوەی ژیانی هونەریدا (17) ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە .

- لە دوای خۆشی (گوڵتەن)ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی (گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم) بڵاوکردەوە .

- لە رۆژى 16/11/2000 لە شارى پاریس کۆچى دوایى کردووە و هەر لەوێش لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس (پیرلاشیز) لە تەنیشت گۆڕی سینەماکاری بەناوبانگی کورد یەڵماز گۆنا بەخاکسپێردراوە.



ڕیکلام