لە هەولێر چەند چەکدارێک دەستڕێژی گوللە لە چەند چێشتخانەیەک دەکەن

  2021-01-15  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چەند چەکدارێک لە هەولێر هێرش دەکەنە سەر سێ چێشتخانە و خاوەن یەکێک لە چێشتخانەکان دەڵێت، نزیکەی 500 فیشەک بە ئاراستەی چێشتخانەکەم تەقێندراوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار کەس چوونەتە چێشتخانەیە لە هەولێر و داوای خواردنیان کردووە بەڵام خاوەنی چێشتخانەکە پێیوتوون کە خواردنیان نەماوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاش چەند خولەکێک ئەو چوار کەسە گەڕوانەتەوە شوێنەکە و دەستدڕێژی گوللەیان لە سێ چێشتخانە و چاخانەیەک کردووە و بەۆهۆیەوە زیانی ماددی زۆر بە چێشتخانەکان کەوتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارە، تاوەکو ئێستا هیچ کەس دەستگیرنەکراوە و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەولێریش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، "نزیکەی 500 فیشەک بە ئاراستەی چێشتخانەکەم تەقێندراوە و زیانی ماددی زۆرمان پێگەیشتووە".

روونیشیکردووە، نزیکەی کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، چەند کەسێک چوونەتە چێشتخانەکەیان بەمەبستی نانخواردن، بەڵام ئەوان پێێانوتوون کە خواردنیان نەماوە و بەوهۆیەشەوە لەنێوان ئەو چەند کەسە و کوڕی خاوەن چێشتخانەکە دەمەقاڵێ دروستبووە.

ئەوەشی خستەڕوو، دواتر ئەو چەند کەسە رۆیشتوون و پاش ماوەیک بە چەکەوە گەڕاونەتەوە و دەستڕێژی گۆللەیان لە چێشتخانەکان کردووە.

وتیشی، باش بووە کە لەو کاتەدا قەرەباڵغ نەبووە و کەسی لێنەبووە، ئەگینا بە دڵنیاییەوە چەند کەسێک دەکوژرا.



ڕیکلام