بڕوا بە حکومەتی هەرێم دەکەیت؟

  2021-01-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان بوون ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو، بە لێبڕینی 21٪ وەرگرن، ئەویش لەبەر رۆشنایی لێدوانێکی وەزارەتی دارایی بۆ یەکێک لە کەناڵەکانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، بەڵام لەو وادەیە موچە دابەشنەکرا و دوێنێش یەکشەممە جارێکی تر بەڵێندرایەوە یەکشەممەی داهاتوو دابەشبکرێت.

ئەمە تەنیا نمونەیەکە لەو دەیان لێدوان و بەڵێنانەی چەند ساڵێکە خەڵک و فەرمانبەرانیان خستووەتە دۆخی چاوەڕوانی و دواتریش جێبەجێ نەکراون.

لە هەر وڵاتێک خەڵک بە شێوەیەک بێ دەنگ دەکرێت بۆ نموونە لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکان لەڕێی توندوتیژیی و هێزەوە، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بەدابینکردنی هەموو ماف و شایستەکانی خەڵک .

پرسیارەکە ئەوەیە ئەی لە هەرێمی کوردستان چۆن خەڵک بێ دەنگ دەکرێت؟

پێشتر زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای کابینە جیاوازەکانی حکومەت باسیان لە چارەسەری کێشەی موچە کردووە، بە نمونە هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، جوتیار عادل، سەفین دزەیی بە لێدوانی جیاواز باسیان کۆتایی هێنان بە هەواڵی بەپەلەی میدیاکان کردووە بۆ دابەشکردنی موچە.

یەکێک لەو بابەتانەی کە حکومەت خەڵکی پێ بێ دەنگ دەکات دەستخەڕۆ کردنە، خەڵک بەردەوام دەخاتە دۆخی چاوەڕوانی کە 30 رۆژی وادەی دابەشکردنی موچە کۆتایی هات فەرمانبەران 30 رۆژی دیکە لە چاوەڕوانیدا دەبن تاوەکو موچەکەیان وەردەگرن.

پێنج ساڵ پێش ئێستا وەک جێبەجێکردنی سیاسەتی دۆخی چاوەڕوانی، سەرۆکی ئەوکاتەی حکومەتی هەرێم وتی هەوڵدەدەن لەمەودوا دابەشکردنی موچە نەبێتە هەواڵ، کەچی دوای 5 ساڵ نەک ئەو چاوەڕوانییە نەهاتەدی، بەڵکو وتەبێژی ئەم کابینەیە دەویەوێت خەڵکی لە چاوەڕوانی زیاتردا بهێڵێتەوە و هەمان بەڵێن دەدات.

ئامانجی حکومەت لە دروستکردنی دۆخی چاوەڕوانی ئەوەیە کە فەرمانبەران ناچار بکات بە بێ دەنگی دانیشن و چاوەڕوانبن.

بۆ نموونە بەردەوام دەڵێت ئەگەر حکومەتی عێراق پارە بنێرێت موچە دابەشدەکەین یان دەڵێت کەی پارە هەبوو دابەشی دەکەین؟

توێژەرانی کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو دۆخە فەرمانبەران تووشی حاڵەتی دەروونی خراپ دەکات بەردەوام دەکەونە حاڵەتی راڕایی و دوودڵی و ئەو موچەی وەریدەگرن نازانن بۆ 30 رۆژ دابەشی بکەن یان بۆ 60 رۆژ.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی دەستخەڕۆکردنی فەرمانبەران ئەوەیە بابەتەکەیان لەلا بکرێتە شتێکی ئاسایی و واقیعی، بۆ نموونە کاتێک موچەی مانگی شوباتی ساڵی رابردوو بە لێبڕینی 21٪ دابەشکرا، دڵنیایی ئەوە بە خەڵک درا  کە  لێبڕینەکە تەنیا بۆ یەک مانگ بێت بەڵام تائێستاش بەردەوامە و دوو مانگ جارێکیش موچە دابەشدەکرێت، واتا وەرگرتنی موچە بە دوو مانگ جارێک خەریکە دەبێت بە ئەمری واقیع.

بەپێی زانیارییەکانی (تۆڕی هەواڵی ژیان) حکومەت لە دواخستنی موچە دەیەوێت فەرمانبەران بخاتە دۆخی چاوەڕوانی تا دوای پەسەندکردنی بودجەی 2021ی عێراق، لەبەر ئەوەی پەسەندکردنی پرۆژەکە بەپێی پێشبینییەکان دەچێتە مانگی ئازار، حکومەتی هەرێمیش کار بۆ ئەوە دەکات تا ئەو کاتە یەک موچە دابەش بکات، 21ی ئەمە مانگە کە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکات بە لایەنی کەمەوە تاوەکو کۆتایی مانگ دەخایەنێت و دووبارە دوای 50 بۆ 60 رۆژ دەست بە دابەشکردنی موچەیەکی دیکە دەکاتەوە، زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەگەر حکومەتی عێراق موچە بۆ فەرمانبەران نەنێرێت دابەشکردنی موچە 50 بۆ 60 رۆژ جارێک بەردەوام دەبێت.

دوای ئەو هەموو چاوەڕوانی و دەستخەڕۆکردنە، فەرمانبەران و موچەخۆران تا چەند بڕوا بەڵێنێکی دیکەی لەم جۆرە دەکەن؟

لە حەوت ساڵی رابردوودا دەیان بەڵێن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دراوە بە گوێی هاوڵاتیاندا و هیچی لێ سەوز نەبوو، لەسەروبەندی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014 نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند قەیرانەکە کاتییە و چەند مانگێکی تر چارەسەر دەبێت.

ساڵانێکی دوور و درێژە حکومەتی هەرێم بە دروستکردنی دۆخی چاوەڕوانی، فەرمانبەران و خەڵکی بێ دەنگ کردووە بەڵام دیار نییە دۆخەکە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت، خەڵک تاکەی توانای چاوەڕوانکردنیان دەمێنێت و ساڵاکانی تەمەنیان بە دەم چاوەڕوانی و بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم بەڕێ بکەن.


ڕیکلام