سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆنسوڵ و نێردە دیپلۆماتیەكانی وڵاتان لە هەرێم كۆبووەوە بە پێویستی زانی پرسی موچە لە ململانێی سیاسی دووربخرێتەوە نەكرێتە كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی لە گەڵ كونسوڵ و نێردە دیپلوماتیەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، تیشكی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.
لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: هەرێم هەموو پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ كردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت.
بارزانی جەختی لەوە كردەوە پێویستە بابەتی موچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت موچە بكرێتە كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی برسیكردن لە دژی موچەخۆرانی هەرێم بەكاربهێنرێت.