گۆگڵ و ئوسترالیا هەڕەشە لە یەکتری دەکەن

  2021-01-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كۆمپانیای گۆگڵ رایگەیاند ئەگەر ئوسترالیا ئەو پلانەی بۆ پێدانی پارە بە ناوەندە میدیاییەكانی وڵاتەكەی رایگەیاندووە نەیكێشێتەوە ئەوە كاركردنی گەڕان لە سیستەمەكەیان لەو وڵاتە رادەگیرێت.

پلانەكەی ئوسترالیا بۆ ئەوەیە ناوەندە گەورەكانی ئینتەرنێت ناچار ببن پارە بە گروپە میدیایەكانی ئوسترالیا بدەن بۆ ئەو بابەتانەی بڵاوی دەكەنەوە. 

بە گوێرەی پلانەكەی ئوسترالیا مەبەستیەتی كێشەی دارایی ناوەندە میدیاییەكانی خۆی بە بردنی بەشێك لە پارەی ریكلامەكانی فەیسبووك و گۆگڵ دابین بكات. 

لەوبارەیەوە مێڵ سیلڤا سەرۆكی جێبەجێكاری گوگڵ لە ئوسترالیا ڕاگەیاند، گروپەكەی ناچار دەبێت ئەگەر پێویست بكات خزمەتگوزاریەكانی گەڕانی لە ئوسترالیا ڕابگرێت. 

لەبەرامبەر هەڕەشەكەی گۆگڵدا سكۆت مۆریسۆن، سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا بە توندی وەڵامی داوەتەوە و رایگەیاندووە ئوسترالیا یاساكانی خۆی بەو جۆرە دادەنێت كە وڵاتەكە دەیەوێت. 

ئەو وتیشی: ئەوە لەسەر پەرلەمانی ئێمەیە، ئەو كەسانەی ئامادەن لەم كارەدا لە وڵاتەكەمان كار بكەن، پێشوازیان لێ دەكرێت بەڵام ئێمە سەر بۆ هەڕەشەكردن دانانەوێنن. 

بڕیارەكەی ئوسترالیا لەلایەن وڵاتانی دیكەشەوە چاودێری دەكرێت ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا وڵاتانی دیكەش هاوشێوەی ئوسترالیا داوای پشكی ریكلام لەو دوو كۆمپانیایە بكەن.

میدیاكان لە دیجیتاڵبووندا كێشەی ئابووریان بۆ دروست دەبێت، بەگوێرەی بڕیارەكەی ئەو وڵاتە، داهاتی ڕیكلام زیاتر لەلایەن فەیسبووك و گۆگڵ و دەزگا تەكنەلۆجییە گەورەكانی ترەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. 

بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە قەیرانێكی فراوان بۆ رۆژنامە و میدیاكانی ئوسترالیا دروست بووە و بە گوێرەی راپۆرتێكی فرانس 24 دەیان ڕۆژنامە داخران و سەدان ڕۆژنامەنووس بێكاربوون. 

ئەو بڕیارەی ئوسترالیا خستویەتیە رۆژەفەوە تەنها فەیسبووك و گۆگڵ دەگرێتەوە هەریەكە لە تۆڕەكانی یوتوب و ئینستاگرام و شوێنەكانی دیكە ناگرێتەوە.

بەرپرسەكەی گۆگڵ لە ئوستراڵیا رایگەیاندووە گۆگڵ دەیەوێت پشتگیری لە میدیاكان بكات و پێشنیاری گۆڕانكاری لە ڕەشنووسی پڕۆژەكە دەكەین، وتیشی: رێڕەوێكی ڕوون هەیە بۆ پێشخستنی پڕۆژەیەكی دادپەروەرانە كە دەتوانین كاری لەسەر بكەین، ئەگەر تەنها هەمواری بچوكی بۆ بكەین. 

گوگڵ لەماوەی رابردوو رایگەیاند دەتوانێت ڕێ لە ناوەڕۆكێك بگرێت كە لە سایتەكانی میدیای ئوسترالی بڵاو دەكرێتەوە. دەستیكردووە بە تاقیكردنەوەی ئەم جۆرە پێوانەیە بە ژمارەیەكی كەم لە بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت.



ڕیکلام