چوار شیعری کورت

  2021-01-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هیوا قادر

من باوەڕم بە ئاسمانەکان نییە
کەچی لە چەقی ڕێگایەکدا چاوەڕوانی فریشتەیەکم،
فریشتەیەک بەسەر زەویدا بڕوات
بێ ئەوەی فڕینی بیرچووبێتەوە.
من بەم شەوە چاوەڕوانی فریشتەیەکم،
 دەشزانم خۆرێک بە ئاسمانەوە نەماوە بەیانی ھەڵبێت.
گوێم لە تەپەی دڵی خۆم و 
باڵێکە لە دوورەوە دەدات بەیەکدا،
من چاوەڕوانی فریشتەیەکم، کە ڕەنگە ھەرگیز نەیەت.

*  *   *  *  

دوای ھاتنەدەرەوەم
 لە ڕاناوی ئێوە،
کردنی ڕاناوی من
بە ماڵێکی بچکۆلەی خۆم،
تێگەیشتم دەبێت تا ئەبەد تەنھا بم.

*  *   *  *  

جارجارە خەونت پێوە دەبینم
لە کۆڵانێکدا بەبێ دەنگی بەرەو ڕووم دێیت،
جارجارەش ئاوێنەکەم تۆم بیردەخاتەوە
کە بەبێ دەنگی سەیری خۆم دەکەم،
لە کۆڵانەکەدا لە پشیلەیەک دەچوویت
بتەوێت دەست بە سەر پشتا بێنم،
منیش لە ئاوێنەکەدا دەست بەسەر قژما دێنم 
وەک ئەوەی ئێرە سەرەتای کۆڵانەکە بێت.

*  *   *  *  

ئەو دەمەی
سەرم بۆ دواھەمین جار شل دەبێ و
دەیدا لە زەوی و دەمرم؛
وەک لێدانی زەنگێکی ژەنگرتووی
کڵێسایەکی ڕوخاو
ھەموو یادەوەریم پەخش دەبێتەوە و
وەک تۆزی باڵی پەپوولەیەک
دەنیشێتە سەر بەردێک،
کە پێش ھەناسەیەک لەوەوبەر
خوێنی باڵدارێکی کوژراو سووری کردووە.

فۆتۆ: هەڵۆ لانۆ


ڕیکلام