شاندی هەرێم لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە

  2021-01-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شاندی هەرێم بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە و زانیارییان لەسەر داهات و خەرجییەکانی هەرێم خستەڕوو.

سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند لە کۆبونەوەکەدا هەردوو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئامادەیبوون گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پرۆژە یاسای بودجەوە کرا.

هەروەها حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا گرنگە بۆ ئەوەی دیدو بۆچونەکان زیاتر لە یەک نزیکبکرێنەوە.

وتیشی شاندەکە بەرچاو ڕونی زیاتر و سەرجەم داتا و ئامارە پێویستەکانیان لەبارەی بەشە بودجە و داهات و خەرجیەکانی هەرێم بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان خستەڕوو.

ئەوە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە شاندی هەرێم لە بەغدایە و لەگەڵ لیژنەی دارایی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم دەکەن لە بودجەی 2021

ئەوە لەکاتێکدایە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەتا ئێستا 33 کۆبونەوەی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو وردەکاری پرۆژە یاسای بودجە ئامادەبکات و لەلایەن پەرلەمانتارانەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دەنگی لەسەربدرێت.

پرۆژەی یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق لەماوەی ڕابردوو لەلایەن حکومەتەوە ئامادەکرا و رەوانەی پەرلەمان کرا، حکومەتی هەرێم و عێراقیش لەسەر رەشنوسی بودجەکە رێککەوتن کە تێیدا پشکی هەرێم بە لە سەدا 12و پۆینت 67 دیاریکراوە و پێویستە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵیەکان رادەستی بەغدا بکات.

حکومەتی هەرێم چەندین جار ڕایگەیاندوە بەو شێوازەی لە پرۆژەکدا هاتووە رازییە و ئامادەییە جێبەجێبکات،هەربۆیە داواکارە لە پەرلەمانیش دەنگی پێ بدرێت.


ڕیکلام