دژەتیرۆی عێراق کوژرانی چەند سەرکردەی داعشی لە کەرکوک ڕاگەیاند

  2021-01-27  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگای دژەتیرۆری عێراق بڵاویکردەوە، لە درێژەی ئۆپراسیۆنەکانی "تۆڵەی شەهیدان" هێزەکانیان لە دەوروبەری کەرکوک ٤ سەرکردەی داعش کوژران.

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای دژەتیرۆری عێراق بڵاویکردەوە، لە ئۆپراسیۆنێکی کەم وینەدا کە بە هاوکاری دەزگای هەوالگری نیشتیمانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری "وادی شای"ی باشوری کەرکوک دەستی پێکراوە، توانراوە ٤ سەرکردە و لێپرسراوی باڵای داعش بکوژن.

ئەو بەرپرسانەی داعش بریتی بوون لە، لێپرسراوی تەندروستی داعش لە عێراق، لێپرسراوی بەشی ئەندازیاری سەربازی گشتی ڕێکخراوی داعش لە عێراق، لێپرسراوی پەیوەندییە ئەلکترۆنییەکانی داعش لە پارێزگای کەرکوک، هەروەها دوو تیرۆریستی دیکە کە ئەمینداری کۆگای ڕێکخراوی داعش بوون.

هەر لە ئۆپراسیۆنەکەدا ٤ چەکداری دیکەش کوژراون، کاریان پاسەوانی شوێنی حەسانەوە و حەشارگەکانی داعش بووە لە ناوچەکە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانیان لەو ئاستەدا ناوەستێت، بەڵکو بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنە کەموێنەکانیان، تا کۆتایی بە تواناکانی داعش دەهێنن لەسەرانسەری عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئۆپراسیۆنی گەورەتر لە دژی داعش ئەنجام دەدەن.



ڕیکلام