کازمی: پێش بڕیاری هێرش بۆ سەر والی داعش دوو ڕکات نوێژم کرد

  2021-01-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وردەکاری کوشتنی والی عێراقی ڕێکخراوی داعشی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، بەرلە بڕیاری هێرشەکە دوو ڕکات نوێژی کردووە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کازمی لە میانی پێشوازیکردن لە خێزان و کەسوکاری ئەو هاوڵاتیانیانەی کە لە تەقینەوەکەی گۆڕەپانی تەیرانی بەغدا کوژران، لایەنە پەیوەندارەکانی ڕاسپارد، بە  بەدواچوونی داخوازییەکانیان و پەلەکردن لە جێبەجێکردنیان لەلایەن تیمی کارەوە لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران و دامەزراوەی شەهیدان.

کازمی لە دیدارەکەدا وتی "پێیان وتم پێویستە ئامادەی  پرسەی شەهیدانی تەیران بیت، پێم وتن من باوک و برای ئەو کەسانەم کە بی تاوان لە شەقامەکانیدا بەغدا کەوتن، ئەرکی مرۆڤی و ئەخلاقی خۆمە، کە دەبێت سزای دادپەروەرانەی ئەنجامدەرانی بدەم".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ناسرابوو بە والی عێراق ماوەی چەند مانگێک بوو چاودێری جموجوڵەکانییان کردووە، هەر کاتێک هەوڵی لەناوبردنیانداوە ڕووبەڕووی کێشە و بەربەست بوونەتەوە، لە دوای روداوەکەی گۆرەپانی تەیران و هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لە سەلاحەدین، لەبەردەم عێراقییەکان سوێندی خوارد  کە نابێت خوێنی ئەو کەسە بێتاوانانە بە خۆڕایی بڕوات، باجەکەش سەرکردەیەک لێرە و لەوێ نابێت، بەڵکو دەبێت سەری ئەو گروپە تاوانکارە تەکفیریە بێت.

کازمی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند "کاتێک کاتژمێری سفر هاتە پێشەوە دوو روکات نوێژم کرد و سوپاسی خوام کرد، پاشان بڕیاری هێرشەکەم دا، سوپاس بۆ خوا ئەنجامەکە سەری ڕێکخراوەکە بوو".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامی ئەو وەک سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەوەیە، خوێنی هاوڵاتی عێراقی گرانە، هەرکەسێک دەستی سور بێت بە خوێنی عێراقییەکان دەبێت سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت، ئەوەش بە تەنها شەهیدانی گۆڕەپانی تەیران و سەلاحەدین ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو شەهیدانی عێراق بە شەهیدانی تشرینیشەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیشیکردەوە، خوێنی مستەفا کازمی یان هەر بەرپرسێکی دیکەی عیراق بە نرختر نییە لە خوێنی چایچییەک یان عەلی و عومەر و حسین لە گۆڕەپانی تەیران، یان لە خوێنی حەشدی شەعبی لە سەلاحەدین یان شەهیدانی گۆڕەپانی تەحریر و حبوبی و بەسرە، ئەم دەسەڵاتە دەڕوات بەڵام خوێن ناڕوات، چەند سەدەیەکە پارێزگاری لە خوێن ناکرێت.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی ئاماژە بەوە کراوە، بەس موزایەدە و بەکارهێنانی هەست و سۆزی عێراقییە، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت پرۆژە سیاسییەکانی خۆیان یان بەرژەوەندییە ئابورییەکانیانی پێ تێپەڕێنن، هەیە خوێنی عێراقییەکانی بەکارهێناوە بوونەتە دەسەڵاتدار و خاوەنی ملیاران و کۆشک و ئۆتۆمبێلیان پێ کرێوە.

وتیشی "داعش و ئەوانەی وەک ئەو وان خوێنی عێراقییەکان کەوتووەتە نێوانمانەوە، ئەوانەش کە لە یاسا دەرچوون نێوانی ئێمە و ئەوان خوێنی عێراقییەکانە کە یەک خوێنە".

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "سەرەخۆشی لە خۆم ئێوەش دەکەم، بەهای هەموو ئەو خوێنەی عێراق دەوڵەتە، ئەگەر ئەو هەموو خوێنە پێشکەش بکەین و نەگەیەنە دەوڵەت، مێژوو نەفرەت لە هەموومان دەکات، بۆیە پێویستە هەموان دەوڵەتی عێراقێکی ئازاد و بە توانا بنیان بنێنن ئەو کاتە توانیمان تۆڵەی خوێنی پاکی عێراق بکەینەوە، کە لە پێناوی دەوڵەتدا ڕژاوە.

 



ڕیکلام