کازمی: ڕۆڵی هەندێک لە هێزەکان عێراقی کردووەتە گۆڕەپانی ململانێکان

  2021-02-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، خوێنی عێراقییەکان بە بەهایە و بەسە خوێنڕشت، جەختیشیکردەوە دەزگا ئەمنییەکان توانای ڕوبەڕوبوونەوەی هەرەشە و مەترسییەکانیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە سەربەخۆیی و پسپۆڕی هەیە.

کازمی لە میانی پێشوازیکردن لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان و کۆوبونەوە لەگەڵیاندا، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نوسینگەکەی کازمی ڕایگەیاندووە، لە یەکەم ڕۆژی ئەم دەسەڵاتەوە، هەندێک لە هێزەکان بەشێوەیەک ڕۆڵیان هەبووە، عێراق بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەوەش بووەتە هۆی زیانی زۆر بۆ خەلک و هاوڵاتیان، بە تایبەت کە چەندین ساڵ عێراق لە جەنگی ماڵوێرانکەردا بووە و زیانی زۆری پێگەیشتووە.

 لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، لەعێراقدا شەڕی ناوخۆ نەبووە، بەڵکو هەندیک گروپ لە هەوڵی دروستکردنی خەونەکانیاندا بوونن لەژێر ناوی ئایین و نەتەوەیدا و بەکاریان هێناوە بۆ جێبەجیکردنی ئەجەندای سیاسی لە دژی عێراق.

کازمی وتی "جەنگ زیانی زۆری لێداوین، هۆکاری سەرەکیش بووە بۆ دروستبوونی قەیرانی ئابوری، چونکە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو نەمانتوانیوە خۆمان بنیات بنێین لە یەک شوێندا گەمارۆ دراوین".

جەختیشیکردەوە، خوێنێ عێراقییەکان بە نرخە و بەسە خوێنڕێژی، پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بپارێزین لەڕێگەی ڕاهێنان و پشتیوانیکردنەوە، نابێت ڕێگە بدرێت گیانیان بکەوێتە مەترسییەوە،ە هەموو ئەوانەش لە ڕێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و پلان و ڕاهێنانەوە دەبێت.

لەوبارەیەوە ڕوونیکردەوە، دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان بایەخ بە کارمەندەکانی بدات و ڕاهێنانیان  بێ بکات و بیانپارێزێت، پێویستە هەموو چاودێرییەکی کۆمەڵایەتی پێویستیان پێشکەش بکرێت، لەڕووەوە زۆر بێ خزمەتن و دەزگا ئەمنییەکان پێویستیان بە پشتیوانییە.

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت دۆخی سیاسی کاریگەریی هەبێت لەسەر دۆخی ئەمنی و پیویستە دەزگا ئەمنییەکان سەربەخۆ بن و دووربخرێنەوە لە هەموو فشارێک.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق بەرپرسپارێتی لە ئەستۆی هەماندایە و جگە لە عێراق هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە، بۆیە وڵاتەکە چاوەڕوانی زیاتر دەکات لێیان.



ڕیکلام