ساڵیادی پاشەکەوتی موچە

  2021-02-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پێنج ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتی هەرێم هاتنە بەردەم مایک و کامێرای کەناڵەکان و داهێنانێکی نوێ و جیاوازیان لە دابەشکردنی موچەدا ڕاگەیاند.

ئەوەش بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچە فەرمانبەران بوو کە بۆ یەکەمجار بوو لە هەرێم و عێراقیش کارێکی لەو جۆرە بکرێت.

پاشەکەوتە بە بڕیاری ژمارە 64ى ئەنجومەنى وەزیران لە رۆژی سێی شوباتى 2016 دەرکراو و حکومەتی هەرێم دەستیکرد بە پاشەکەوتکردنی بەشێك لە موچەی فەرمانبەران.

حکومەت کاتێک ئەم بڕیارەی دەرکرد، دوو ساڵ بوو بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕدرابوو و هەروەها چەند مانگێكیش بوو، حکومەت موچەی دابەشنەکردبوو.

بڕیارەکە کاردانەوەی و ناڕەزایی زۆری فەرمانبەران و موچە خۆرانی لێکەوتەوە و لە زۆرینەی شوێنەکان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچوو.

ئامانجی بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران ئەوەبوو حکومەت مانگانە و لەکاتێکی دیاریکراودا بڕێک لە موچە دابەشبکات، بەڵام سەرەڕای پاشەکەوتیش حکومەت نەیتوانی مانگانە موچە دابەشبکات و دیسانەوە بە چەند مانگێک موچەیەکی بە پاشەکەوتەوە دابەشدەکرد.

لە ئەنجامى ئەم بڕیارە حکومەت بەمجۆرە مامەڵەى لەگەڵ موچەدا کرد:

موچەی مانگەکانی 9 و 10 و 11 و 12 ساڵی 2015 دابەشەنەکرا

موچەی مانگەکانی ساڵی 2016 سەرجەمیان بە پاشەکەوتەوە دابەشکرا

ساڵی 2017 یانزە موچە بە پاشەکەوتەوە دابەشکراوە و موچەی مانگی 12 دابەشنەکرا.

ساڵی 2018 بەهەمانشێوە یانزە موچە بە پاشەکەتەوە دابەشکراو  موچەی مانگی 12 کە لە مانگی ئازارى 2019 دابەشکرا بەبێ پاشەکەوتبوو و کەوتە دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتەکە.

دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە دابەشکردنی موچە بەو شێوەیە لە رۆژی 8ی ئازارى 2019 جارێکی تر بەرپرسانی حکومەت هاتنەوە بەردەم مایک و کامێراکان و مژدەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتییان ڕاگەیاند، بەڵام ئەوکاتەش دابەشکردنی موچە سێ مانگ لە دوای وادەى خۆی بوو.

بەڵام پانۆرامای دابەشکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوت کۆتایی نەهات و دوای تەنها ساڵێک، دووبارە کێشەکە سەریهەڵدایەوە و حکومەت دابەشکردنی موچەی دواخست و هەندێک مانگ 50 رۆژ و هەتا دوو مانگیش موچە دابەش نەکرا.

بەڵام بەوەشەوە نەوەستا و لە رۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 دا کابینەی تازەی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنانێکی دیکەی کرد و ئەمجارە لەبری پاشەکەوت، بڕیاریدا سەدا 21 لە موچەی فەرمانبەران ببڕێت.

بڕیارەکە وا ڕاگەیەندرا کە بۆ یەکجارە کاتییە و بە ناچاری دەرکراوە، بەڵام بوو بو خووەیەکی هەمیشەیی و ئەوە چەندین مانگە هەر بەوەشێوەیەیە و بەرۆکی فەرمانبەرانی بەرنەداوە.

ئەگەر بڕیاری پاشەکەوتی موچە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک قەرز لەسەر حکومەت حسابکرابێت، بەڵام لێبڕینەکە تا ئێستا نازاندرێت چۆن و بەچی حسابکراوە  و تەنانەت هیچ فەرمانبەرێک نازانێت لەو مانگانە چەندی لێبڕاوە و چەندی وەرگرتووە.

تەنانەت دەیانجار پەرلەمانتاران ئەو پرسیارەیان کردووە، بەڵام وەڵامەکەیان دەستنکەوتووە.

دابەشکردنی موچە و پاشکەوتکردن و لێبڕینی هەتا ئێستاش بەردەوامە و حکومەتی هەرێم وەک بەدیلی رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا سەرقاڵی ئامادەکردنی بودجەی 2021 و بەنیازە مانگانە چەندی پارە لەبەردەستبوو هەر ئەوەندە دابەشبکات، واتا لێبڕینەکە بۆ داهاتوش بەردەوام دەبێت.

ساڵی 2020 ئەگەر بۆ جیهان لەڕووی تەندروستییەوە خراپترین ساڵ بووبێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دووجار خراپ بووە، جارێک بەهۆی کۆرۆنا و جارێک بەهۆی نەبوونی موچەوە، بەجۆرێک حکومەتی هەرێم لەو ساڵەدا یەک موچەی بە تەواوی دابەشکردووە و 4 موچەی بە لێبڕینەوە و 7 موچەشی دابەشنەکردووە و نازاندرێت چۆن هەژماری دەکات.

لە چەند مانگی ڕابردوودا کاتێک مەسرور بارزانی چووە پەرلەمان وتی حکومەتى هەرێم زیاتر لە 28 ملیار دۆلار قەرزارە، ئاماژەى بەوەکرد لەو بڕە نزیکەى 9 ملیار دۆلارى قەرزى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینانە.

لە ئێستادا بەرپرسانی حکومەت دەڵێن بڕیاریانداوە 30 رۆژ جارێک و بەپێی داهاتی بەردەست موچە دابەشدەکەن، بەڵام نازاندرێت ئەم بەڵێنەش وەک ئەوانەی دیکە دەبێت یان دەتوانن جێبەجێی بکەن.


ڕیکلام