ئیدارەی بایدن تورکیا لەبەدەستهێنانی فڕۆکەی ئێف 35 بێئومێد کردەوە

  2021-02-06  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن بە هیچ شێوەیەک ئەو گەمارۆیانەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تورکیا هەڵناگرێت، سەبارەت بە ڕاگرتنی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی (ئێف ٣٥).

کێربی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، تورکیا هاوپەیمانێکی دێرینی ناتۆیە، بەڵام بڕیاری کڕینی سیستمی موشەکی دژە ئاسمانی (ئێس ٣٠٠) لە ڕوسیا، ناگونێت لەگەڵ پابەندبوونەکانی وەک هاوپەیمانێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ).

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وتی "هەڵوێستمان سەبارەت بە بابەتی کڕینی موشەکی ئێس ٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە، ناگونجێت لەگەل سەوداو  مامەڵەی ڤرۆشتنی ئێف ٣٥ بە ئەنکەرە، بەو هۆیەشەوە تورکیا لەو پڕۆگرامی فڕۆکەیە هەڵپەسێردراوە و داواشی لێدەکرێت دەستبەرداری سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ ڕوسی بێت، بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی فڕۆکەی لەوجۆرەی دروستکراوی ئەمریکا".

ئەوەش لەکاتێکدایە، واشنتۆن لەوبڕوایەدایە، سیستمی موشەکی ئێس ٤٠٠ی دروستکراوی ڕوسیا، ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی تەکنەلۆژیاکانی فڕۆکەی ئێف ٣٥ ئەمریکی، کە بە یەکێک لەپێشکەووتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی ئەم سەردەمە دادەنرێت.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەتوندی دژی هەوڵەکانی تورکیا وەستایەوە سەبارەت بە کڕینی فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥، بەوهۆیەشەوە پرۆگرامی ڕاهێنانی فڕۆکەوان تورکەکانی لەسەر ئەو جۆرە فڕۆکەیە ڕاگرت.



ڕیکلام