قایمقامی لەكار وەستاوی شنگال رایگەیاند، دۆزی شنگال بووەتە دۆزێكی نێودەوڵەتی و كێشەیەك نیە لە نێوان پەكەكە و توركیا بەڵكو كێشەیەكە لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە.
مەحما خەلیل، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: لەئێستادا دۆزی شنگال بۆتە دۆزێكی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی، شنگال بەشێكە لەعێراق و سەر بەپارێزگای موسڵە، دەڤەرێكی وێران و جینۆسایدكراوە كێشەیەك نیە لەنێوان پەكەكە و توركیا بەڵكو كێشەیەكە لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە هیوادارین چارەسەر بكرێت.
ئەو كە تا ئێستاش بەشێوەیەكی فەرمی قایمقامی شارەكەیە بەڵام لەدوای 2014وە لەكارەكەی وەستاوە ئاماژەی بەوەشكرد حكومەتی عێراقی بەپێی دەستور دەبێت خۆی بكاتە خاوەنی شنگال و خەڵكەكەی.
رەتیكردەوە ئەوان هیچ دەسەڵاتێكیان هەبێت لەوكاتەی توركیا هێرش بكاتە سەر شنگال وتیشی: ئێمە بەشێكین لەعێراق، وەك خۆمان هیچ دەسەڵاتێكمان نیە حكومەتی بەغدا و پارێزگاری موسڵ دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، وەك شنگالیەكان دەڵێین نابێت یەك كێشە بێتە ناو شنگال.
وتیشی: شنگالیەكان دەبێت بگەڕێنەوە نەڕێگە بدرێت برایانی پەكەكە هێرش بكەن و نەڕێگە بدرێت توركیا هێرش بكاتە سەر شنگال، دۆخی شنگال تەحەمولی هیچ كێشە و شەڕێكی تر ناكات.
خەلیل ئەوەشی وت "پێشتر ڕێككەوتنێك لەنێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدرا لەسەر شنگال بڕیاربوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئێمە وەك شنگالیەكان داوامانكردووە یەك چەكدار لەسەنتەری شارەكە نەمێنێت و ببێتە ناوچەیەكی لەچەك داماڵراو."
ناوبراو بەناوی شنگالیەكانەوە وتیشی: داواكارین هیچ هێزێكی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت هەتا بیانوو نەدەن بەتوركیا و غەیری توركیا پیلان و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بكەن.