وەفدێکی باڵای پارتی سەردانی بەغدای کردەوە

  2021-02-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغدای کردوە و لەگەڵ ئوسامە نوجێفی سەرۆکی بەرەی ڕزگاری گەشەپێدان کۆبونەوە.

وەفدەکەی پارتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە جەعفەر ئیمینکی و چەند کەسێکی دیکەش بەشدارن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی ئوسامە نوجێفی لە کۆبونەوکەدا بابەتەکانی پێکهێنای هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و پرۆژە یاسای بودجەی عێراق تاوتوێکراوە.

هۆشیار زێباری سەرۆکی وەفدی پارتی ڕایگەیاندوە ئێمە لەگەڵ ئەو ئاراستەیەین کە هەموو پێکهاتەکان لە خۆبگرێت ئەوەش گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە پێویستە لێکتێگەیشتنی نیشتیمانی لەسەر بودجەی 2021 هەبێت ئەوەش لەسەر بنەمای پابەندبوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم.

لای خۆشیەوە ئوسامە نوجێفی ڕایگەیاندوە ئەگەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەپێی ستانداردی دادپەروەرانە و چاودێری نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت، دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی ئەو کەشە نیشتیمانیەی کە جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە.

سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەش نوجێفی ڕایگەیاندوە دەبێت بودجە دور لە بەئامانجگرتن و تۆڵەکردنەوە بێت و مافی هەموو عێراقیەکانی تێدا پارێزراوبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوو هەمان وەفدی پارتی سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان چەند کۆبونەوەیەکی کرد،دواتریش هۆشیار زێباری ڕایگەیاند دەکرێت بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ لیستی عەرەبی شیعە و سوننە پێکەوە لیستێکی نیشتیمانی دروستبکەن.



ڕیکلام