ئەو ڤاکسینەی هەرێم دەیکڕێت کاریگەرە؟

  2021-02-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێم بڕیاریدا ڤاکسینێکی کۆرۆنا بکڕێت کە هەرزانە، بەڵام ڕێژەی سەرکەوتنی زۆر بەرز نییە و گومانیش دەکرێت وەک پێویست کاریگەری لەسەر جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا هەبێت.

حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ڤاكسینێكی كۆرۆنا بكڕێت كە هەرزانە، بەڵام ڕێژەی سەركەوتنی زۆر بەرز نییە و گومانیش دەكرێت وەك پێویست كاریگەری لەسەر جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا هەبێت.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاند، لەگەڵ كۆمپانیای ئەسترازینكا گەشتوونەتە ڕێككەوتن و وابڕیارە 15ی مانگ بچنە ناو ڕیزبەندی داواكردنی ڤاكسینەكەوە و بڕی داواكراوی ڤاكسینەكە دوو ملیۆن و 470 هەزار دۆزە ، واتە دوو دۆز بۆ هەر هاوڵاتیەك.    
سەبارەت بە هۆكاری هەڵبژاردنی ڤاكسینی ئەم كۆمپانیایە، بریكاری وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند" باشترین هەڵبژاردن بۆ ئێمە ڤاكسینی كۆمپانیای ئاسترازینكا بوو، چونكە شێوازی هەڵگرتن و "پاكێجین" و گواستنەوە و نرخەكەشی بۆ ئێمە زۆر گونجاو بوو، ئەگەر بەراورد بكەین بەفایزەر كە بەكارهێنان و هەڵگرتنی دەبێت لەپلەیەكی گەرمی زۆر نزمدابێت كە ئەمە ئەركێكی قورس بوو."
ڤاكسینی ئەسترازینكا چییە؟
ڤاكسینی ئەسترازینكا - ئۆكسفۆردی بەریتانی یەكێكە لە ڤاكسینە دیارەكانی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا. هەرچەندە سەرەتا دانپێدانانی یەكێتی ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی جیهانی بەدەست هێنا، بەڵام لەم ماوەیەدا گومانەكان لەسەر ئاستی كاریگەری ڤاكسینەكە سەریانهەڵدایەوە. 
وەك یەكەم وڵاتیش، ئەفریقای باشوور هەڵمەتی پێدانی ڤاكسینەكەی بە هاوڵاتیانی ڕاگرت. ئەمەش دوا بەدوای ئەوەی لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە ڤاكسینەكە كاریگەریەكی سنورداری هەیە لەسەر جۆرە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە یەكەم جار لە ئەفریقای باشوور سەریهەڵداوە.
بەم دواییانە زۆرێك لە وڵاتان پێشنیازی ئەوەیان كرد كە ڤاكسینەكە بۆ كەسانی سەروو ٦٥ ساڵ بەكارنەهێنرێت، چونكە لێكۆلێنەوەكان دەریان خستووە كە كاریگەری ئەوتۆی نییە لەسەریان. 
لە ناویشیاندا وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا وتی كە حكومەتی وڵاتەكەی بەنیاز نییە هاوڵاتیانی سەروو ٦٤ ساڵ بە ڤاكسینی ئەسترازینكا بكوتێت.
 لە وەڵامی ئەمانەدا وتەبێژی ئەسترازینكا ڕایگەیاند "ئێمە لەو باوەڕەداین كە ڤاكسینەكەمان بەرگری دژ بە جۆرە قورسەكانی كۆرۆنا دروست بكات".
كاریگەریەكەی بە بەراورد بە ڤاكسینەكانی تر
لە كاتێكدا كاریگەری ڤاكسینی ئەسترازینكا ٧٠٪ یە و ئەمەش بەڕێژەیەكی بەرچاو لە كاریگەری ڤاكسینەكانی بایۆتێك و فایزەر و مۆدێرنا  كەمترە كە لە سەروو ٩٠٪ ەن، كڕینی ئەم ڤاكسینە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ كەمی نرخ و ئاسانی هەڵگرتنەكەی دەگەڕێتەوە.
حكومەتی عێراق بە پێچەوانەی هەرێمەوە بەتەنیا پشت بە ڤاكسینەكەی ئەسترازینكا نابەستێت و دەستەی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی دەرمانی تەندروستی عێراق، هەردوو ڤاكسینی ئەسترازینكای بەریتانی و سینۆفارمی چینی پەسەنكردووە بۆ بەكارهێنان. 
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرەتای دەركەوتنیەوە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢ ملیۆن ٣١٦ هەزار كەس لە جیهاندا و لە هەرێمی كوردستانیشدا ژمارەی گیان لەدەستدان ٣٤٩٢ كەسی تێپەڕاندووە.



ڕیکلام