هەڵبژاردنی تەواوکاری خولی دووەمی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ئەنجام دەدرێت

  2021-02-12  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش ئەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاریدا شوێنی سێ ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندن پڕبکاتەوە، ژوری هەڵبژاردن ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەی تەواو کردووە و بڕیارە سبەینێ پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ هەینی ١٢ی٢ی٢٠٢١، ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "رێنمایی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی تەواوکاری خولی دووەمی خانەی راپەڕاندن  بە هاوبەشی لەگەڵ ژوری یاسایی دانراوە، لەئێستاشدا دوای کۆتاییهاتنی وادەی خۆکاندیدکردن، رۆژی شەممە (١٣/٢/٢٠٢١) لە کاتژمێر ( ١١)ی پێش نیوەڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدرێت و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنەوەی سێ بەڕێزی دیکە بۆ ئەو پۆستانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە کە، بۆ هەر سێ پۆستی (سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان و سکرتێری کاروباری باژێرەکان)، رەکابەری هەیە و بۆ هەریەکە لەو پۆستانە دوو هەڵسوڕاو خۆی کاندیدکردووە و کاندیدی ئافرەتیش لەناو رەکابەرییەکەدایە.



ڕیکلام