پڕۆژەی ریسایكلینی سلێمانی دەكرێتەوە

  2020-06-17  | 
سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای 25 رۆژی دیكە بەشێوەیەكی فەرمی پڕۆژەی ریسایكلینی سلێمانی دەكرێتەوە و پڕۆژەكە بڕی 60 ملیۆن دۆلاری تێچووە و 200 هەلی كاریش دابین دەكات .

پڕۆژەكە ماوەی دوو رۆژە دەستیكردووە بە وەرگرتنی خۆڵ و خاشاكی شارەكە، وابریارە لە دوای 25 رۆژی دیكە بە فەرمی بكرێتەوە، بەگوێرەی وتای توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، ئەو پڕۆژەیە كێشەی خۆڵ و خاشاك و ژینگەی سلێمانی تاڕادەیەكی زۆرباش چارەسەر دەكات و بۆ وزەی پاك و نوێیان دەگۆڕێت و ڕووبەرێكی فراوانی سەوزایی لێ دروست دەكرێت و دەرفەتی كار بۆ زیاتر لە دووسەد كەس دەڕەخسێنێت .

پڕۆژەكە فاروق گروپ ئەنجامی داوە بە هاوكاری و بەهەماهەنگیی لەگەڵ كۆمپانیا ئیسپانیی و ئەڵمانییە گەورەكان بە سەرمایەی شەست ملیۆن دۆلار لەلایەن كۆمپانیای ئیكۆسیم وەك یەكێك لە كۆمپانیاكانی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق جێبەجێ كراوە .

پڕۆژەی ریسایكلینی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی، لە24ی نیسانی 2014 دا بەردی بناغەكەی دانرا، كە لەناوچەی تانجەرۆی نزیك لە سلێمانی دادەمەزرێت و لەلایەن كەرتی تایبەت و كەرتی گشتییەوە بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی پێشبینیەكانی كۆمپانیاكە كارگەكە توانای وەرگرتنی 400 تۆن خۆڵ و خاشاكی ھەیە لەساڵێكدا .

كۆمپانیاكە پێشتر لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبوو،  پرۆژەكە لە ساڵی ٢٠١٣ بوو بە كۆنتراكت و ئیمزا كرا بەڵام مۆڵەتی وەبەرھێنانەكەی لەلایەن حكومەتەوە دواكەوت تا ساڵی ٢٠١٥ واتە دوو ساڵ دواكەوت .

گروپی فاروق هۆڵدینگ لە روونكردنەوەكەیدا لە ساڵی رابردوو دەڵێت "سەرەتا پرۆژەكە ھاوبەش بوو لە نێوان فاروق ھۆڵدینگ و كۆمپانیای لافارجی فەرەنسی بە پاڵپشتی دامەزراوەی پارەدانی نێودەوڵەتی IFC و حكومەتی ھەرێم بەڵام كاتێك داعش ھاتە عێراق و دۆخی ئارامی و سەربازی و ئابوری وڵات تێكچوو، لافارج و IFC  ترسان لەو دۆخە و پەشیمان بوونەوە و  ھۆشداریاندا كە ناتوانن سەرمایەگوزاری لە عێراق بكەن وەك ناوچەی جەنگ. بەڵام دواتر بە مەرج رەزامەندبوونەوە كە كارەكە بكەن ئەوەبوو داوای زەمانەت لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان كرا و ئەو داوایەش لە لایەن حكومەتی ھەرێمەوە دواكەوت و ئیتر پرۆژەكە پەكی كەوت ."

ڕاشیگەیاند"سەرباری قورسی پرۆژەكە لە رووی تێچوون و زۆری بودجەوە، فاروق ھۆڵدینگ لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ شاری سلێمانی و ژینگەو ژیانی ھاوڵاتیان، لە بەرواری ٢٠١٨/٧/٢٩  و بە تەنھا و بە بودجەی خۆی رەزامەندی حكومەتی ھەرێمی وەرگرت بە كڕینەوەی پشكەكانی لافارج و بڕیاری دا دەست بكات بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ریسایكلینی تانجەرۆ لە سلێمانی كە بە وەبەرھێنانێكی قازانج نەویست سەیری دەكەین ." .



ڕیکلام