ناوەرۆکی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ هادی عامری

  2021-02-15  | 
 سەڵاح بامەڕنی
شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و هادی عامری سەرۆکی شاندی وتووێژکاری حکومەتی فیدراڵی لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان کردەوە لە دۆزینەوەی چارەسەری بنەرەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە بەغدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەسەر دواپێشهاتەکانی عێراق و پێداریشیان کرد لەسەر دۆزینەوەی چەرەسەری بنەڕەتییانە‌ بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی  عێراق.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەکەدا باس لە‌پرسی بودجە‌ی  فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١ كرا، ھە‌ردوولا ھاوڕابوون  پێویستە‌ لە‌سە‌ر بنەمای دەستوور و یاسا بەركارەكان ئە‌م پرسە‌ چارە‌سە‌ر بكرێت بەجۆرێك مافی ھە‌مووان پارێزراو بێت.

وەفدی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی 2021 کۆبونەوە .

 ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوەتەوە .

هەروەها بەگرنگییەوە باس لە پاراستنی پشکی ھەرێمی کوردستان کرا لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان.

دوێنی ئێوارە بۆجارێکی دیکە وەفدی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و بڕیارە لەم چەند رۆژە دەنگ لەسەر بودجەی عێراق بدرێت،بەڵام هێشتا ڕێکەوتنی یەکلاکەرەوە لەسەر پشکی هەرێم نەکراوە.



ڕیکلام