لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لە ئێران ٢٦١٢ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ١٢٠ کەسیش گیانیان لە دەستداوە

  2020-06-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار ٦٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٢٠ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، دوو هەزار و ٦١٢ کەس تووشبوون و ١٢٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی ئەوکەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نۆ هەزار و ١٨٥کەس.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە  ١٩٥ هەزار و ٥١ کەس و ژمارەی ئەو کەسانەش کە تا ئێستا چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە ١٥٤ هەزار و ٨١٢ کەس.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشکرایکرد، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە باری تەندروستیان ناجێگیرە و لە یەکەی چاودێری وردن، دوو هەزار و ٧٨٩ کەسن.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕوونیکردەوە، هەرێمی خوستان و ئازربایجانی خۆرهەڵات و خوراسان و کرماشان و هرمزگان و کوردستان هێشتا وەک ناوچەی هێڵی سور دەستانیشانکراون.



ڕیکلام