کۆمەڵی ئیسلامی ئەمیرەکەی دەگۆڕێت؟

  2021-02-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی باپیر کە لە دامەزراندنی کۆمەڵەوە ئەمیر و کەسی یەکەمە، لەسەر ئەم فەلسەیە دەڕوات، تائێستا لە ھەر سێ کۆنگرەی ڕابردووی حزبەکەی خۆی ھەڵنەبژاردووە، بەڵکو ئەندامانی کۆنگرەی بە کۆی دەنگ داوایان لێی کردووە ببێتەوە بە ئەمیر.

ئەویش پێی وایە لە ڕووی شەرعییەوە تاوانبار دەبێت، ئەگەر ئەرکێکی پێبسپێردرێت و لێی ھەڵبێت بۆیە وەکو خۆی دەڵێت نەبۆی ڕادەکات و نەلێی ڕادەکات. لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە ئەگەر ئەندامانی کۆمەڵ دەست لە یەخەی بکەنەوە، ئیشی تری زۆرە بیکات، دەتوانێت ڕۆڵی زیاتر لە کوردستان بگێڕێت.

ئەمڕۆ کۆمەڵ کۆنگرەی چوارەمی لە سلێمانی لە دەڤەری سەوز و لە ھەمان ئەو ھۆڵە دەبەستێت کە یەکێتیش کۆنگرەی چوارەمی تێدا ئەنجامدا زۆر کەس چاوەڕێی ئەوەن کۆمەڵ ئەمیرەکەی بگۆڕێت و پاشگری ئیسلامی لە ناوی حزبەکەی بکاتەوە.

بەڵام ئەگەر تەماشای فەلسەفەی کاری سیاسی لە نێو کۆمەڵی ئیسلامی بکەیت لەوە تێدەگەیت گۆڕانکاری لە کەسی سەرەتا پێوەری شەرعی ھەیە دواتر پێوەری سیاسی و بابەتی. واتە بەو بەپێیە عەلی باپیر ھەر بە کەسی یەکەم دەمێنێتەوە، بەڵام کۆمەڵ نیازی ھەیە لە کۆنگرەدا دەستەواژەی "ئەمیر" بگۆڕێت بۆ سەرۆک یان پێشەوا، یاخود ھەر ناوێک کە دووربێت لەو دەستەواژانەی لەنێو گروپە توندڕەوەکان بەکاردەھێنرێت.

واتە عەلی باپیر لە پۆستەکەی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام لەوەیە چیتر بە ئەمیر بانگ نەکرێت و ببێت بە سەرۆک یان پێشەوا، لابردنی پاشگری ئیسلامی یەکێکە لەو پرسانەی لەنێو خودی ئەندام و سەرکردەکانی کۆمەڵ باسی لێوە دەکرێت.

ھەرچەندە زۆرێک پێیان وایە بیرۆکەی لابردنی پاشگری ئیسلامی لەنێو کۆمەڵ سەرەتا لە لایەن ئارام قادرەوە سەرچاوەی گرت، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ دەڵێت ئەوە سەرەتا بیرۆکەی خۆی بووە.

ماوەی چەند ساڵێکە عەلی باپیر لە نوسین و ڕێنماییەکانی بۆ ئەندامانی کۆمەڵ زەمینەسازی بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەکات. بۆ نموونە لە کتێبی ھەڵسەنگاندنی کاری ئیسلامی کە ناوەندی ڕاھێنان و گەشەپێدانی حزبەکەی نوسیووە دەڵێت "وەکو چۆن ھەل و مەرج و واقیع جاری وا ھەیە خوازیاری ئەوەیە ناو و نیشانێک بەکاربھێنی وەکو ئیسلامی، جاری واشە ھەل و مەرجەکە بەجۆرێک دەگۆڕێت کە خوازیاری ئەوە بێت و کۆمەڵ و ڕێکخراوێکی ئیسلامی ناچار بکات پاشگری ئیسلامی لە خۆی بکاتەوە!

ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری دیاری کۆمەڵ، یەکێک لەو سەرکردانەیە لەگەڵ ئەوەدایە پاشگری ئیسلامی لێبکرێتەوە و لەو بارەیەوە دەڵێت "دەبێت (ناوی حزب) و (ناوی کەسی یەکەم )و (پاشگری ئیسلامی)و (ئۆرگانەکانی ) ژمارەیان و ناویان و شێوازیان دەبێت زۆر بەڕاشکاوانە گۆرانکاریان تیدا بکرێت".

بەڵام ئەمە خواست و تێڕوانینی ھەموو سەرکردە و ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی نییە، بەشێکی زۆر لە ئەندام و تەنانەت سەرکردەکانی کۆمەڵ ئەمە بە گومڕایی و سەرلێشێوان دەزانن، بۆ نموونە دڵشاد گەرمیانی لە یەکێک وتارەکانی لەو بارەیەوە کە لە ژێر ناوی "لادانی پاشگری ئیسلامی ھۆکارێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنە؟ یان کردنەوەی دەرگای لادان و دڕینی پەردەی شەرم و شەرع پشتگوێخستنە؟

لەم وتارەدا دڵشاد گەرمیانی دەڵێت "ئەگەر لادانی پاشگری ئیسلامی، لە واقعدا ھۆکارێکی بەھێزە بۆ گەڕانەوەی حاکمیەتی شەریعەتی خودا، ئەوا لادانی کارێکی پیرۆزە، ئەگەریش لادانی بەرنامە ھەندێک لەو خەڵکە فکر نەخۆشە بەناو ئیسلامی و بەکردەوە عەلمانیانە بێت، کە لە ناخدا خۆیان ڕوخاون، ئەوا ئەوان تەنھا بیریان لای ئەوەیە ، دەنگەکان لەھەڵبژاردنەکان چۆن زیاد دەکات ؟! وەک گوڵە بەڕۆژەیان لێ ھاتوە ، چۆن ئەو ڕوی لەخۆرەو بەدەوریدا دەسوڕێ".

نەک تەنھا ئەم سەرکردەیەی کۆمەڵ دژی لابردنی پاشگری ئیسلامییە، بەڵکو زۆر سەرکردە و کادیری تر ھەڕەشەی وازھێنان دەکەن، ئەگەر کۆمەڵ پاشگری ئیسلامی لەخۆی دابماڵێت.

بۆنموونە کەسێکی وەکو ئەبو جیھاد بەرپرسی ئەنجومەنی کۆمەڵ لە کفری لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک دەڵێت "کەس بۆی نییە پاشگری ئیسلامی لابدات، مەگەر کۆنگرە بڕیار بدات، ئەو کاتەش دەڵێین خواتان لەگەڵ"

ھەر بۆیە، بەھۆی ترسی لێکترازانی ڕێکخستنەکان، ئەگەرێکی دوورە لەم کۆنگرەیەدا کۆمەڵ پاشگرە ئیسلامییەکەی لێ بکاتەوە.

تەنانەت عەلی باپیر لەو چاوپێکەوتنەی ڕۆژێک پێش کۆنگرە ئەنجامیدا، باسی لە لابردنی پاشگری ئیسلامی نەکرد و پێشکەشکارەکەش خۆی لەو بابەتە بوارد، تەنھا بە ناڕاستەوخۆ عەلی باپیر وتی دەبێت ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوان بێت و لەگەڵ واقعدا بڕۆین.

چونکە کێشەی تری ناوخۆیی ھەیە و وەکو کەناڵی فەرمی کۆمەڵیش دەڵێت، کاری سەرەکی ئەم کۆنگرەیە پەیڕەو و پڕۆگرام و ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانیەتی، جگە لەو بابەتانەش، کۆمەڵ گرفت و کێشەی ناوخۆیی ھەیە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو سەلیم کۆیی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسانی مەڵبەندی ھەولێر و مەڵبەندی دەوروبەری ھەولێر وازیان لە کۆمەڵ ھێناوە، ھەروەھا کێشە ناوخۆییەکانیش تائێستا ھەر بەر دەوامە، بۆ نموونە لە کۆنفرانسەکانی قەزای ھەڵەبجە، کادیرێکی لاوی کۆمەڵ بە بەرپرسی مەڵبەند ھەڵبژێردرا، بەڵام کاندیدی ڕکابەری کە پێشمەرگەی کۆنی کۆمەڵە، دانی پێدا نانێت و کۆمەڵی لەو سنوورە بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە.

جگە لەوانەش ژمارەیەک سەرکردەی تر کە حزبەکەیان زوویر بوون و لە ماڵەوە دانیشتوون، کۆمەڵی ئیسلامی دەیەوێت لەم کۆنگرەیەکی ئەوانیش ئاشت بکاتەوە، بەڵام عەلی باپیر لە نوێترین چاوپێکەوتنی کە ٢٤ کاتژمێر پێش کۆنگرە کەناڵی پەیام بڵاویکردەوە، دەڵێت ئەو گرفتانە بابەتی بچوکن و کۆمەڵی بێ گرفترین حزبی کوردیە، واتە پێیوایە دەستلەکارکێشانەوەی سێ ئەندامی سەرکردایەتی بابەتێکی بچوکە و گرفت نییە.

کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت ٩٠٠ ئەندام بەشداری تیادا دەکەن ٧١ کەس خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندید کردووە، لەو ژمارەیە ٩ کەس دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی،١١ کەس دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی ناوەندەکانی کۆمەڵ، ھەروەھا شەش کەسی تریان دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی چاودێری و لێپرسینەوە، کە بەھەمانشێوە پلەی ئەندامی سەرکردایەتیان ھەیە.


ڕیکلام