داستان بەرزان یادداشتەڕۆمانێک بە ناوی بەرلین بڵاودەکاتەوە

  2021-02-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
درێژکراوەی ئەزموونێکی دیکەیەتی لە ئەدەبی گێڕانەوەدا.

لە پاش چاپکردنی کۆمەڵە چیرۆکی (تێرمیناڵ) کە پێنج چیرۆکی بە شێواز و تەکنیکی جیاواز لە خۆی دەگرت، ئەمجارە کتێبێکی نوێی لە ژێر چاپدایە بە ناوی (بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من) کە خۆی لە یادداشتە ڕۆمانێکدا دەبینێتەوە و شێوازێکی دەگمەنی کارکردنی ئەدەبییە لە ئەدەبی کوردییدا، سەبارەت بەو کتێبە نووسەر داستان بەرزان وتی: کارکردن لە (بەرلین)دا یەکجار دژواربوو، چونکە خراپتر لە هەوڵی یەکەم دەستم بە ناوەوەی خۆمدا کرد و دڵڕەقاتەتر ئازاری خۆممدا، بە ڕادەیەک ئێستا هەست بە جێگەی ئەو برینانە ئەکەم کە بۆ نووسینی بەرلین لە کیانی خۆمدا کولاندمنەوە و ماندوویان کردووم .

پاشان دەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەی ئەو نووسەرە وتی: بەرلین گەڕانەوەیەکی نۆستالۆژیکە بۆ منداڵی، هاودەم هەڵهاتنە لە وڵاتێک کە لە مێژە مرۆڤەکانی لە ئەنجامی حوکمی نادادپەروەرانەی لێیهەڵدێن، پاشان گەڕانە بە ناو مەنفادا، مەنفایەک لەهەمبەر ئەوانیتردا، مەنفایەک لەگەڵ شوێندا، دواتر گەڕانەوەیەکی خۆنەویستانە بۆ وڵاتێک کە ڕاستە کەسانی ستەمکار و داگیرکار تێیدا سەردارن، بەڵام لە ئاکامدا وەک شوێن هی ئەوان نییە، بەڵکو هی ئێمەیەکە کە ژیانمان تێیدا گوزەراندووە .

لە کۆتاییدا داستان وتی: ڕەنگە ئەم ئەزموونەم لە نووسین درێژەی هەبێت .

داستان بەرزان :

- ساڵی ١٩٨٧ لە سلێمانی لەدایکبووە .

- خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆم و بەکالۆریسە لە هونەری شانۆدا .

- چەندین کۆڕ و ڤێستیڤاڵی ئەدەبی بەشداریی کردووە .

- تاکو ئێستا (١٠) کتێبی چاپکردووە لە بوارەکانی شیعر و چیرۆک و یادداشتەڕۆمان و شانۆدا .

- هەندێک لە کتێبەکانی چاپی دووەم کراونەتەوە و هەندێکیشیان لە ئێستادا چاپیان نەماوە .

- بەرلین نوێترین کتێبی ئەوە کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاودەبێتەوە .



ڕیکلام