کوردی  |  English            

دوو كەسی ئێرانی بە 7 ملیۆن دیناری ساختەوە لە سلێمانی دەستگیركران

  2021-02-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند،‌ دوو تۆمەتباری‌ بەناسنامە ئێرانییان دەستگیركردووە كەبڕی 7 ملیۆن دینار پارەی‌ ساختەیان پێبووە و ویستوویانە لەناو بازاڕەكانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ساغی‌ بكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی فریاكەوتنی‌ سلێمانی‌ توانیان لەناو بازاڕی‌ شاری سلێمانیدا دوو تۆمەتباری‌ بەناسنامە ئێرانی‌ دەستگیربكەن كە زیاتر لە حەوت ملیۆن دیناری‌ پەنجا هەزاری ساختەیان پێبووە لەگەڵ چەكێكی‌ بانكی‌ 10 ملیۆن تمەنی‌. 

پۆلیس ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار ( س، س) لەدایكبووی‌ 1994 و ( ب، م) لەدایكبووی‌ 1990 بەبڕیاری‌ دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

لە دوای ئەوەی كابینەی حكومەتی پێشووی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ ئابڵوقەی ئابوری و سیاسی لەسەر ئێران زیادكرد ئەو وڵاتە روبەڕووی قەیرانێكی قوڵی ئابوری بوویەوە و لە ساڵی 2019دا میدیاكانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندبوو لە 14 ملیۆن کرێکاری ئێرانی 10 ملیۆن کەسیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەڵام ئەو ژمارەیە لە 2020دا زیاتر بوو بەو هۆیەشەوە كاری نایاسایی لەو وڵاتەدا زیاتر پەرەی سەندووە.