کازمی: نابێت خاکی عێراق بکرێتە گۆرەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان

  2021-02-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک نابێت خاکی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی کێشە و ناکۆییەکان.

مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ڕایگەیاند، ئەو موشەکانەی کە ئاراستەی ناوەندە دیپلۆماتییەکان دەکرێن، بۆ ڕێگریکردنە لە پێشکەوتنی حکومەت و بۆ ئیحراجکردنیەتی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەەشکرد، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان دەگاتە تاوانباران و نیشانی ڕای گشتیان دەدەن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا کازمی جەختیکردەوە، ئۆپراسیۆنی دەستپێشخەریانە لە دژی تیرۆر لە زیادبووندایە، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەو سەرچاوە و حەشارگانەی تیرۆر کە ماون.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپا و هێزە ئەمنییەکان شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەک بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆر و تیرۆریستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، تاوتوێی دۆخی کۆرۆنا کرا و لەوبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ستایشی هاوڵاتیانی کرد، کە پابەندن بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆز

هاوکات ستایشی دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی کرد، کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغە کردنەکە، ڕوونیشیکردەوە ئەگەر خەڵک پابەند بێت، ئەوان دەتوانرێت سنورێک دابنرێت بۆ گۆرۆنای گۆڕاو، کە مەترسی لە کۆرنای پێشوو زیاترە.



ڕیکلام