ڕێبین کتێبێکی هانا ئارێنت دەکاتە کوردی

  2021-02-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کتێبەکە سەبارەت بە دۆخی عەرەب و جووە

لە یەکێکی دیکەی کارەکانی لە بواری وەرگێڕاندا(ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل) کتێبێکی هانا ئارێنت دەکاتە  کوردی، لە بارەی کتێبەکەوە تایبەت بە تۆڕی هەواڵی ژیان ئەو وەرگێڕە وتی: هانا ئارێنت لەم کتێبەدا باس لە ڕزگارکردنی نیشتیمانی یەهودی دەکات، بەڵام بەو مانایە نا کە لە دەستی عەرەب ڕزگاری بکات، بەڵکو پێی وایە کە دەبێت نیشتیمانێک دابمەزرێت عەرەب و جوو پێکەوە تێیدا بژین و هەموو مافەکانیان هاوبەش بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنە بەڕاییەکانی ساڵی١٩٤٨ کە خەریکبوو ئەنجامبدرێت، بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، کە جۆرێک لە فیدڕاڵی هەبێت لەو وڵاتەدا .

پاشان زیاتر سەباوەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە وتی: هەر لەم کتێبەدا ئارێنت ڕەخنە لە ڕەوتی (ساهیۆنیزم) دەگرێت، کە ڕەوتێکی توندڕەو بوو ، ئەوان نەیانهێشت وڵاتەکە بەو شێوەیە دابمەزرێت کە ئەو باسی دەکات، چونکە ئەوان دەیانویست زۆرترین ڕووبەری وڵاتەکە داگیربکەن و ڕێگەیان نەدا ڕێکەوتنەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان سەربگرێت، ئەمەش بووە هۆی زیاتر قووڵکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا.  هاوکات باش لەوەش دەکات عەرەبەکانیش هۆکارێکی دیکەبوون کە ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێن .

لە ئاکامدا هەردوولا وەک هۆکار دەبینێت بۆ ڕێگریکردن لە سەرنەکەوتنی ئەو پلانانەی هەبوون بۆ باشکرد و دامەزراندنی وڵاتێکی هاوبەش بۆ (عەرەب و جوو) ئەوەش وەک دۆخێکی مەترسیدار دەبینێت بۆ هەدوولا .

سەبارەت بە دەرەنجامی کتێبەکەش ڕێبین ڕەسوڵ وتی: لە کۆتاییدا ئارێنت کۆمەڵێک بە شێوەی خاڵ پێشنیاز دەکات سەبارەت بە دۆخی ئیسرائیل لە پێناو دروستبوونی نیشتمانێکی دیموکراسی و ئازاد بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی .

شایەنی باسە (ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل) یەکێکە لە نووسەر و وەرگێڕە دیارەکانی کورد، کە خاوەنی چەندین کتێبە لە نووسین و وەرگێڕان و بە کارەکانی سوودێکی بەرچاوی بە کایەی ڕۆشنبیریی کوردی گەیاندووە .



ڕیکلام