بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، پارێزگاری زیقار دەستیلەکارکێشایەوە

  2021-02-26  | 
نازم حەمید وائیلی - پارێزگاری زیقار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و دوای چەند رۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی پاڕزگاکە، ئەمڕۆ نازم حەمید وائیلی پارێزگاری زیقار دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە کازمی کرد.

بە فەرمانی مستەفا کازمیش سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی کراوەتە پارێزگاری زیقار و ئەرکی لیکۆڵینەوەی لە دۆسیە توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پارێزگاکەی پێ سپاردووە.

لە نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەیدا پارێزگاری زیقار کە ئاراستەی کازمی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، بۆ پارێزگاریکردن لە خوێنی ڕۆڵەکانی شارەکەی و گێرانەوەی ئارامی ، داوای دەستلەکار کێشانەوە دەکەم و داواکارم لە بەڕێزتان دەستلەکار کێشانەوەکەم قبوڵ بکەن.

ئەمڕۆش کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاشکرایکرد، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا رووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزییەکانی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار لە باشوری عێراق ٥ کەس کوژراون و ٢٧١ کەس بریندار بوون.

ماوەی پینج ڕۆژە لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، پێکدادانی خوێناوی دروستبووە لە نێوان خۆپیشاندەرانی شارەکە و هێزە ئەمنییەکان، کە سەرباری ئەوەی دوێنێ وەزیری ناوخۆیی عێراق سەردانی شارەکەی کرد، بەڵام نەیتوانی دۆخەکە چارەسەر بکات و ئەمڕۆ خۆپیشاندان فراوانتر بوون و ئاگریان بە بینای پارێزگای زیقار بەرداو داوای دەستلەکار کێشانەوەی پارێزگاری شارەکەیان کرد.





ڕیکلام