گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن

  2021-02-27  | 
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چەند گروپێکی سەر بە حەشدی شەعبی لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا هاتنە دەنگ و هەڕەشەی ئەوەشیان کرد وەڵامێکی توندی واشنتۆن بدەنەوە و ئەمریکا کەمێک لێدوانەکەی خۆی لەسەر هاوکاری عێراق لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستکاریکردووە.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گروپی (عەسائیبی ئەهلی حەق) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکای کردووە  و بە کارێکی ترسنۆکانەی ناوبردووە.

جەختیشیکردووەتەوە لەوەی چوونە دەرەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق، تاکە ڕێگەیە بۆ بەرقەرابوونی ئارامی لە عێراق و ئیرادەی گەل و بڕیاری سیاسی بەسە بۆ وەدیهێنانی ئەو کارە.

هاوکات (ئەبو ئالاء وائیلی)ئەمینداری گشتی (کەتیبەکانی سەید شوهەدا) لە تویتەری خۆی ڕایگەیاندووە، هێرشەکەی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک بێ سزا و وەڵامدانەوەیەکی قورس تێناپەڕێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستدرێژی ئەمریکا تووشی سەرسامیان ناکات بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان، چونکە بە وتەی خۆی ئەوان تێکۆشان دەکەن بۆ ڕزگارکردنی خاکی وڵاتەکەیان لە داگیرکار.

هاوکات وائیلی دژی لێدوانەکانی فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراقیش بوو، کە ڕەتیکردبۆوە  گروپی بەرگری بوونی هەبێت لە وڵاتدا.

لە لایەکی ترەوە (کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق) لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریداوە لە بوونی پیلانێک، کە گوایە هەندێک لایەنی ناوخۆیی بە پشتیوانی سعودیە و ئیسرائیل جێبەجێی دەکەن، لە پێناو هاندانی واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، کە بەرگری لە وڵاتەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ڕاست بێت دەزگایەکی ئەمنی عێراق زانیاری هەواڵگری بۆ ئەمریکییەکان دابینکردووە، ئەوە دانپێدانانێکی مەترسیدارە بە رۆڵی خیانەتکارانە و دەبێت ئەو کەسانەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی خیانەتی گەورە دادگایی بکرێن.

هاوکات هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح داوای لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کرد، لێکۆڵینەوە بکات لەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمریکا کە لە سنوری سوریا و عێراق ئەنجامی دا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوە بکات لەو گێڕانەوەی ئەمریکا کە بانگەشەی ئەوە دەکات هاوکاری ئەمنی هەبووە لە نێوان حکومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە.

ئەو لێدوانانەی لێپرسراوانی سەرۆکی گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ وەزارەتی بەرگری عێراق رەتیکردەوە وڵاتەکەی هیچ زانیارییەکی هەواڵگری بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەرخانکردبێت، بەر لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا لەناو خاکی سوریادا.

هاوکات وەزارەتی بەرگری عێراق سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لەو لێدوانانی وەزیری بەرگری ئەمریکا، کە گوایە زانیاری هەواڵگری ئاڵۆگۆڕ کراوە لەگەڵ لایەنی عێراقی بەر لەوەی هێرشەکەی سەر سنوری هاوبەشی سوریا و عێراق بۆ سەر چەند گروپێکی حەشدی شەعبی ئەنجام بدرێت.

دوای ئەو نیگەرانیانەش جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە لێدوانەکانی دوێنێی خۆی تا ڕادەیەک پەشیمان بووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک زانیاری عێراقی بەکار نەهێناوە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانی لە کاتی ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکانی لە دژی گروپەکانی نزیک لە ئێران لەناو حەشدی شەعبیدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەمریکا تەواوی هێزەکانی خۆی لە عێراق خستووەتە ئامادەباشی توندەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، کە لە پای هێرشەکانی واشنتۆن لە سوریا بکرێتە سەریان.

دوێنێ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا لە بەیاننامەکەدا بڵاویکردەوە، بۆردومانەکە ئاسمانییەکەی ئەمریکا، بووەتە هۆی کوژرانی ٢٢ ئەندامی گروچە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی کە زۆر نزیکن لە ئێرانەوە .

 



ڕیکلام