تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

  2021-02-27  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەمریکا تەواوی هێزەکانی خۆی لە عێراق خستووەتە ئامادەباشی توندەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، کە لە پای هێرشەکانی واشنتۆن لە سوریا بکرێتە سەریان.

فۆکس نیوز لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئاستی ئامادەباشی بۆ بەپەرچدانەوەی هەڕەشە لەناو ڕیزەکانی سوپای ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق خراونەتە ئەو پەڕی ئامادە باشییەوە، بە تایبەت لە بنکەی ئاسمانی بەلەدی باکوری بەغدا، کە بنکەی سەرەکی فڕۆکە ئێف ١٦کانی عێراقیشی لێیە و هەفتەی ڕابردوو بە کاتیۆشا هێرشی کرایە سەر.

بەگوتەی ئەو سەرچاوانەی ئەمریکا، حاڵەتی ئامادەباشییەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک درێژەی دەبێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هەر هێرشێک کە بکرێتە سەریان.

ئەو ئامادەباشیەی ئەمڕۆی سوپای ئەمریکا لە عێراق، دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی دوێنێ هەینی بوو، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە سنوری نیوان سوریا و عێراق کردیاتنە سەر دوو گروپی چەکداری سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە پای ئەو دوو هێرشە موشەکەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کرایە سەر فڕۆکەخانە هەولێر و کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی  و هێرشەکەی سەر ناوچەی سەوزی بەغدا.

دوێنێش لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، دڵنیایە لەوەی ئەو ئامانجانەی کە لە سنوری سوریا بۆردومانیان کردووە، ئەو پێگانە بوون کە ئەو گروپە چەکدارانە بەکاریان دەهێنا، کە تێوەگلاون لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.

لەوبارەیەوە پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکە زۆر بەوردی ئەنجامدراوە و بە تایبەت کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق و سەید شوهەدای نزیک لە ئێرانی تیا کراونەتە ئامانج، کە لە ناو خاکی سوریادا بنکەیان هەیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا لە بەیاننامەکەدا بڵاویکردەوە، بۆردومانەکە بووەتە هۆی کوژرانی ٢٢ ئەندامی گروچە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی کە زۆر نزیکن لە ئێرانەوە .

ئەو هێرشەش بە یەکەم وەڵامی سەربازیانەی ئیدارەی جۆ بایدن دادەنرێت، بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی کە کرانە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هێرشەکەی دوێنێی ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆری لای حکومەتی عێراق دروستکرد و وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،"تووشی سەرسوڕمان بوون سەبارەت بە لێدوانەکانی لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ عێراق، بەر لەوەی هێرشە ئاسمانیەکە بکەنە سەر سنوری سوریا .

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لە کاتێکدا هەموو ئەو زانیارییانە رەتدەکەنەوە، جەختیش دەکەنەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هیزەکانی هاوپەیمانان کورتکراوەتەوە لە چەند ئامانجێکی دیاریکراو، کە خۆی دەبینێتەوە لە داژایەتی و هێرش بۆ سەر داعش و هەرەشە لەسەر عێراق، بەو شێوەیەی کە سەروەری و سەلامەتی خاکەکەی پارێزراو بێت.

هەر دوێنی وەزارەتی دەرەوەی سوریا بۆرودمانەکەی ئەمریکای لە سنوری وڵاتەکەی بە دەستدرێژی ناوبردووە، بە ئاماژەیەکی نەرێنی ئیدارەی نوێی ئەمریکای لە قەڵەمداوە .

داواشی لە ئەمریکا کردووە، پەیڕەوی دوژمنکارانە و دەستدرێژکارانەی لە دژی سوریا ڕابگرێت و دەستهەڵگرێت لە یارمەتیدانی ئەو گروپانەی کە ئەو بە تیرۆریست ناوی بردوون.



ڕیکلام