عەبدولغەنی ئەسەدی پارێزگاری کاتی پارێزگاری زیقار لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی تایبەتدا چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی پارێزگاکە.
ئەسەدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەرک و ئامانجی کارکردنە لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی شاری ناسریە و پارێزگاریکردن لە گیانی لاوانی شارەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون بە هیچ شێوەیەک گولـلەی ڕاستەقینە بەکار نەهینن لەکاتی پشێووی و ئاڵۆزییەکاندا، ئەو فەرمانەش لە لایەن مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە دەرکراوە.
ئەسەدی جەختیشکردەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران کۆبووەتەوە و بیروڕای باشیان تاوتوێ کردووە، کە سووربوون لەسەر کاری تێکدەرانە و سووتاند و ڕێگە گرتن لە شارەکەیان.
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەدەچێت، کە تا ئێستا بەهۆی تێکەهەڵچوونی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان گەنجێک کوژراوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەیەکیان لە هێزە ئەمنییەکانن.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و دوای چەند رۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی پارێزگاکە، نازم حەمید وائیلی پارێزگاری زیقار دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە کازمی کرد .
بە فەرمانی مستەفا کازمیش سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی کراوەتە پارێزگاری زیقار و ئەرکی لیکۆڵینەوەی لە دۆسیە توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پارێزگاکەی پێ سپاردووە.