تەندروستی جیهانی: تا ساڵی 2050 لە چوار کەس کەسێک کێشەی بیستنی دەبێت

  2021-03-02  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٥٠ نزیکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی کێشەی بیستن ببنەوە، بە واتای لە هەر چوار کەس کەسێک کێشەی بیستنی بۆ دروست دەبێت.

لە ڕاپۆرتێکدا ڕێکخراوەکە جەختیکردووەتەوە لەوەی، دۆخەکە پێویستی بە پلان و کاری بە پەلە هەیە، بە مەبەستی بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ خۆپارێزی لەدەستدانی بیستن و چارەسەرکردنی.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕوونیکردووەتەوە، لە ئێستادا نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن کەس پێویستیان بە چارەسەری گوێ و بیستن و خزمەتگوزاری دووبارە ئامادەکردنەوەیانە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کە بۆیەکەمجارە رێکخراوەکە لە سەر نەخۆشی و کێشەکانی بیستن بڵاویدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، دەتوانرێت نزیکەی لە ٦٠%ی حاڵەتەکانی لەدەستدانی بیستن لە منداڵاندا چارەسەر بکرێت، ئەویش لە ڕێگەی پێدانی ڤاکسینی سورێژەی ئەڵمانی و دەرمانی هەوکردنی مێشک، هەروەها باشترکردنی چاودێری دایکان و منداڵانی تازە لە دایکبوو، ئاشکراکردنی پێشوەختەی هەوکردنی گوێی ناوەراست.

سەبارەت بە کەسانی گەورەش ، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە خۆیان بپارێزن لە شوێنی قەرەباڵغ و دەنگەدەنگ و چاودێریکردنی دەرمانە زیانبەخشەکان بۆ گوێ و پەیڕەوکردنی پاکوخاوێنی، لەپێناو خۆبەدوورگرتن لە کەڕبوون.

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵانە لە حاڵەتەکانی چارەسەرنەکردنی کێشەی بیستندا بڕی ٧٥٠ ملیار دۆلار خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو، رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، زۆر بە دەگمەن منداڵانی نابیست یان لاڵ دەخرێنە بەر خوێندن و فێرکردن، ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسانی گەورەش کە تووشی لەدەستدانی هەستی بیستن بوون زیاتر بێکارن و هیچ جۆرە کارێکیان نادرێتێ، ئەگەر کاریشیان دەستبکەوێت کارێکی زۆر پلە نزمیان پێ ڕەوا دەبینرێت.



ڕیکلام