ڕێكکەوتنی هەرێم و بەغدا كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت

  2021-03-08  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاشتەوایی و ڕێكکەوتنی هەرێم و بەغدا كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابوری عێراق و ناوچەكە دەبێت.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە ٨ی٣ی٢٠٢١،  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم، لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە لیزا پۆدۆنڵی بەرپرسی یەكەی ئابوری كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر.

لە كۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێكکەوتنی نێوان هەرێمی و بەغدا كرا و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و باسی ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێكکەوتنەكە تاوتوێکرا.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاشتەوایی  و ڕێكکەوتنی هەرێم و بەغدا كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر ئابوری عێراق بە تایبەتی و ناوچەكە بەگشتی دەبێت".

لای خۆشیەوە، لیزا پۆدۆنڵی جەختی لەوە كردەوە، ئەوان پاڵپشتی ڕێكکەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن، لە هەمانكاتدا هاوكاری تەواوی ئابوری وەزارەتی دارایی دەكەن و هەوڵدەدەن لە ڕێگەی چەند پرۆگرامێكەوە هاوكاری فەرمانبەرانی  وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەکەدا، تاوەکو ئێستا شاندی دانوستانکاری هەرێم زیاتر لە 10 جار سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ حکومەت و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەربڕیووە، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسیە شیعەکان، داوای ڕادەستکردنی کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێمیان کردووە.




ڕیکلام