سبەی شاندی دانوستانکاری هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا

  2021-02-22  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، سبەی شاندی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا.

دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی سێشەممە ٢٣ی٢ی٢٠٢١، شاندی دانوستانکاری هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی پێشوو گفتۆگۆدەکەن، وتیشی، هەر رێکار و پێشنیازێک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و دەستوردا بێت، ئەو پێشنیازە جێبەجێ دەکرێت.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی بەبێ دەستکاریکردنی دەقی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێم، رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە راست نین و شتی وانییە.

هاوکات لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، ئاگاداری ئەوە نین کە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرابێت.

وتیشی، ئەگەر پڕۆژە یاساکە رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش کرابێت، بەبێ دەنگدان لەسەری و پەسەندکردنی، هیچ بەهایەکی نییە.

شیروان میرزا راشیگەیاند، ئەوان چاوڕێ دەکەن تاوەکو لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ لایەنە شیعەکان کۆببنەوە و کۆدەنگییەک سەبارەت بەو پرسە بەدەست بهێنن و ئەوجا پڕۆژە یاساکە رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.



ڕیکلام