دوو پەرلەمانتاری عێراق زانیاری نوێ لەبارەی دانیشتنی داهاتوو و رێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکەن

  2021-03-10  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی داهاتوو ئاشکرا دەکات کە بڕیارە رۆژی 15ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و دەڵێت، شیعەکان دەیانەوێت هەردوو پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و بودجەی گشتیی عێراق پێکەوە ببەنە پەرلەمان .

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، کارنامەی دانیشتنی رۆژی 15ی ئەم مانگەی پەرلەمان هەردوو پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و بودجەی گشتیی عێراق لەخۆدەگرێت.

وتیشی، لە بڕگەی یەکەمدا ماددەکانی 2 و 3 و 12ی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر ئەو سێ ماددەیەی پەسەندکرا، شیعەکان رازی دەبن بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەش .

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا شێروان میرزا دەڵێت، چاوەرێین لایەنە شیعەکان بە فەرمی بۆچوونی خۆیان لەسەر پشکی هەرێم بخەنەڕوو ئەوکات ئێمە هەڵیدەسەنگێنین .

شێروان میرزا راشیگەیاند، "فراکسیۆنە کوردستانییەکان تاوەکو ئێستا پێداگری لەسەر ئەو بڕگەیەی پرۆژەیاسای بودجە دەکەن کە حکومەتی عێراق ناردوویەتی، هەر پێشنیازێکی دیکە هەبێت ئەوکات تاوتوێی دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێناچێت پرۆژەیاسای بودجە بە زۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت .

هاوکات جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، پێشنیازێک هەیە کە هەرێمی کوردستان بڕى 460 هەزار بەرمیل نەوت کە لە رێی بەندەری جەیهانەوە دەیفرۆشێت، رادەستی عێراقی بکات، لەبەرامبەردا بەغدا بەشە بودجە و تێچووی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دەدات بە هەرێمی کوردستان .

جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو پێشنیازە هی هەموو لایەنە شیعەکان نییە بەڵکو پێشنیازی بەشێکیانە، بۆیە رەنگە هەندێک لە لایەنە شیعەکان گرفتی بۆ دروست بکەن بەتایبەت دەوڵەتی یاسا .

بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەکەدا، تاوەکو ئێستا شاندی دانوستانکاری هەرێم زیاتر لە 10 جار سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ حکومەت و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەربڕیووە، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسیە شیعەکان، داوای ڕادەستکردنی کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێمیان کردووە.


ڕیکلام