كازمی داوای گفتوگۆی نیشتیمانی هەرێم و بەغدا دەكات

  2021-03-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای گفتوگۆی نیشتیمانی دەكات لە نێوان لایەنە سیسایەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و لەبارەی كردنە دەرەوەی هێزە بیانیەكانیش رایگەیاند، پێویست بە ژینگە و كاتێكی گونجاوە.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆوە وتارێكی بلاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند: بە درێژایی شەش هەزار ساڵ پێكەوە ژیاوین و تاوەكو ئێستاش پێكەوەین و دەستی یەكدی دەگرین. هەروەك چۆن دەستی پاپا فرانسیس و دەستی سەید سیستانی گەیشتە نێو دەستی یەكدی. 

 ئەو ئاماژەی بەوە كرد عێراقی ئەمڕۆ لەبەردەم هەلێكی راستەقینەدایە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو رۆڵە گەورەی لە ناوچەكە و جیهاندا هەیبووە، "ئێمە وەكو حكومەت دەستمان گرتووە بە ویستی گەلەكەمانەوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، ئاشتی و ئاوەدانی و ئاوەدانكردنەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەم بەرپرسیارییەتییە مێژووییەی كە لە رابردوودا هەمانبووە". 

 كازمی لەبارەی پەیوەندی نێوان  هەرێم و بەغدا وتی: داوا و بانگهێشتی گفتوگۆی نیشتمانی دەكەین بۆ ئەوەی ببێتە مینبەرێك بۆ بەدیهێنانی ویستی گەلەكەمان. داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان، گەنجان و دەنگە ناڕازییەكان دەكەین بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و بەرپرسانە گفتوگۆ بكەن و بەرپرس بن لەبەرامبەر گەل و مێژوویاندا.

ئەو داواشیكرد گفتوگۆ لە ئاستی حیزبی وسیاسیی بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەكی رێككەوتنی كۆتایی لە پەیوەندی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت و ئەوەش بۆ ئەوەی كێشە كەڵەكەبووەكان كە قووڵاییان هەیە چارەسەر ببن". 

 داوایكرد هەموو لایەنەكان دوور بكەونەوە لە وتاری توندوتیژ وتیشی: گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە حكومەت ئامادەسازیی بۆ كردووە لەسەر دۆزینەوەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ چوونەدەرەوەی هەموو هێزە بیانییەكان بە رێككەوتن. ئەمەش بۆ پاراستن و بەرژەوەندی هاوپەیمانیمان لەگەڵ هاوپەیامانیی نێودەوڵەتی. 


ڕیکلام