لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، پیاوێک بە دەمانچە هێرشی کردەسەر ژنەکەی و برینداریکرد.
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، "کاتژمێر ٥:١٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی٣ی٢٠٢١، ژنێک بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کە شوێنەواری دوو فیشەک بەسەر شانییەوە هەبوو.
وتیشی، لە ئێستادا ئەو ژنە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
ئاشکراشیکرد، ژنەکە بەناوی (س،س،م) تەمەنی ٣٥ ساڵە و پیشەی ژنی ماڵە و دانیشتوی قەزای ڕانیەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەوتەی خۆی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە بازاڕی شارەوانی لە ناحیەی چوارقوڕنە ئەم ئێوارەیە بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و بەوهۆیەوە بریندار بووە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین راشیگەیاند، لەبەر ئەوەی ژنەکە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، هێشتا هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە ڕوون نییە و دوای باش بوونی تەندروستی لەوبارەیەوە وتەی لێ وەردەگیرت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا مێردی ئەو ژنە دەستگیر نەکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.