کاتێک ئێمەی مردووان بە ئاگا دێینەوە

  2021-03-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەکێک لە شانۆنامە گرنگەکانی هێنریک ئەپسن بە زمانی کوردی

ڕاڤیار نەوزاد

کۆتا دەق کە هێنریک ئەپسن لە ژیانیدا نوسیویەتی،  پاش ئەم کارە ئەپسن حەوت ساڵ بەبێ نوسین دەژی.

بەتامەزرۆیەوە یەکێک لەجوانترین و پڕ سمبول و ڕەمزیترین دەقەکانی تەمەنم خوێندەوە، دەقێک کە زیاتر لە دانپێدانانێکی کەسی دەچێت کە نوسەرێکی مەزن لەکۆتا ساتەکانی تەمەنی وەک نوسەرێک تێیدا هونەرمەند دەخاتە بەر بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەی (کۆمەڵایەتی و هونەری و مرۆی). دەبێت پێش خوێندنەوەی ئەم دەقە یەکەم شتێک کە لەبیری خۆمان دەری بکەین ئەو وێنە ئامادەیە کە بۆ نوسەرێکی واقیعی/ناتۆریالیستیەی پێشوتر هەمانە کە لەدەقەکانی، ماڵی بوکەشوشە و مراوی کێوی و یۆن گابرێل بۆرکمان و دوژمنی گەل و پایەکانی کۆمەڵگادا ناسیومانە.

تەنها دەقێکی نزیک لەڕابردووی ئەپسن دا لەم دەقەوە دەقی (تارمایەکان)ە. بەڵام بڕوام وایە ناوازەی و جیاوازی ئەم دەقە والەسەرو هەموو دەقەکانی دیکەی ئەو نوسەرە مەزنەوە.

لێرە لە سێ دیمەندا و لە سێ شوێنی جیاوازدا سەفەر بەناو ڕابردوی داهێنەرێکدا دەکەین کە (ئیلهام بەخشی) هونەرەکەی بەجێی هێشتوە ئیلهام بەخشێک کە لە بونی ئەوەوە شاکارە هونەریەکەی پەیکەری (ڕۆژی هەستانەوە/ قیامەت)ی دروستکردووە. چیرۆکی نمایش نامەکە لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی ئەمڕۆی ئەو هونەرمەندە"ئەرنۆڵد" لەگەڵ ئەو ئافرەتە ئیلهام بەخشەی "ئیرێنا"، کە وەک خۆی دەڵێت کلیلی سندوقی داهێنانی لەلای ئەوە و لەوەتی ئەو جێی هێشتوە ئەم نەیتوانیوە شاکارێکی دیکە دروست بکاتەوە، کە ئەم واتە ئەرنۆڵد ناوی ناوە ڕۆژی قیامەت و ئارینا ناوی ناوە "منداڵەکەمان "

ناشکرێت بەچاوی درامی واقیعیەوە بمانەوێت ئەم دەقەلەسەر تەختەی شانۆ وێنابکەین لە کاتی خوێندنەوەی بەقەد ئەوەی دەبێت وەک دەقێکی تەواو (سمبولی) و تەعبیری لێی بڕوانین و کراوەیە بەڕوی هەرفۆڕمێکی دەرهێنانی شانۆیدا کە دەرهێنەر بیەوێت (بەڵام بەمەرجێک بتوانێت) کاری تێدابکات.

لە جیهانی نوسەر ئۆگۆست سترندبێری دا دەقێکی هاوشێوەی ئەم دەقە دەقی "خەونە یاری"ە، بەڵام لێرە بابەتەکە تەواو کەسیە و لەوێ تەواو گەردونی، لێرە وەک لێپرسینەوەیەکە لەڕابردوی هونەرمەندێک"ئۆتۆبایۆگرافیە، چونکە ئەپسن خۆشی لەڕابردوو ئافرەتێکی شاعیر هەبوە لەژیانیدا کە بەهۆی هونەر و شانۆوە لێی دابڕاوە" لە خەونە یاری کۆی ئازارەکانی بونی مرۆڤایەتی لەڕێگەی سەفەری کچی خواداوەندەوە بۆ سەرزەوی نمایش دەکرێت.

ناشکرێت ئەو زمانە شاعیرانە بەرزە لەیادبکەم کەتوشی سەسوڕمانی کردم، چونکە لەدەقەکانی پێشوی ئەپسن بنیادی کارەکتەر دەبووە بنیادی حیوار"واتە هەرگیز نەت دەبینی جوتیارێک بەزمانێکی دەرەوەی بنیادی جوتیاری خۆی بدوێ" بەڵام لەم دەقەدا زۆربەی زمانە فەلسەفی و شاعیرانەکە کەوتوەتە لای ئیرێنا، ئافرەتێک کە جەستە و بونی بەهونەرمەندێ بەخشیوە و پاشان جێی دێڵێت و دەبێتە ئافرەتێکی نیمچە لەشفرۆشی ناو باڕەکان..! بەڵام دیسانە جوانترین و شاعیرانەترین وشەکان لەزاری ئەوەوەدەبیستین، بۆیە دەبێت بزانین لێرە زمانی نوسەر زاڵە بەسەر زمانی کارەکتەردا و دووبارە ئەوەدەسەلمێنێ واین لەحزوری دەقێکی تەواو تەعبیری جیاوازی نوسەرێکی مەزندا.

بۆمن وەک خوێندنەوەی ئەم دەقە تەواو بڕواهێنانە بەوەی کە ڕەمز و سمبول و وێنەی شاعیرانە ڕۆحی دراما و شانۆن و هیوام وایە توانای ئەوە هەبێت ڕۆژی وەک بینەر یان دەرهێنەر ئەم شاکارە لەسەر شانۆکانمان ببینم.

...........................................

تێبینی: ئەم شانۆنامەیەی نووسەری نەرویژی (هێنریک ئەپسن) بە وەرگێڕانی (فاروق هۆمەر) لە زنجیرەی چاپکراوەکانی (گروپی شانۆی گۆدۆ)یە و ئێستا لە ناوەندی ڕەهەند بەردەستە.



ڕیکلام